فازڵ نەبی: بابەتی مووچە پلانێکە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق دەڵێت" پێویستە عێراق مانگانە بەبێ گرفت مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکات و ئەوەی ئێستا دەکرێت بیانوو گرتنە بە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لاواز بکەن".

د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" پلانێکی لەمێژە ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، ئەوەی ئێستا لە بابەتی مووچەدا ھەیە بەشێکە لەو پلانە ئەگەرنا مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران بە ھیچ شێوەیەک پێویستی بە لیستی مووچە نەدەکرد، ئێستا ئەوەی ناردوویانە لە ٦١٨ملیاریش کەمترە و نزیکەی ٥٦٠ ملیار دینارە، بۆیە ئەوە ھەموو کێشە دروستکردنە بۆ ھەرێمی کوردستان".

وتیشی" دادگای فیدڕاڵی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ڕێککەوتوون ئەگەر مانگی ٣ مووچە لە بانکە حکوومیەکانی عێراق جێگیر نەبێت گرفت دروست بکەن و ڕەوانەی نەکەن، ئەوەش زەحمەتە و لانی کەم شەش مانگی پێویستە، بۆیە ئەوەی ھەیە تەنیا گرفت دروستکردنە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھیچی دیکە نییە، ئەگەرنا پێویستە مانگانە مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆی ڕەوانە بکەن".

فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد، باشترین شت ئەوەیە پێویستە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بە یەک دەنگ بەرامبەر بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستان دەدرێن بوەستنەوە و مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕەوانە بکەن و چیتر گرفتمان بۆ دروست نەکەن، چونکە بەردەوام بیانووی تازە بە ھەرێمی کوردستان دەگرن.

دەشڵێت" لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھەژماری من ھەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و لەخزمەت فەرمانبەران دایە و پێویست ناکات بیانوو بە ھەرێمی کوردستان بگرن، بۆیە ئەوەی ھەیە بیانوو بە ھەرێم گرتنە ئەگەر نا پڕۆژەکە زۆر باش و لە جێگەی خۆیەتی".


PM:06:42:12/03/2024