پەرلەمانتارێكی پارتی: پێویستە ئێمەی پەرلەمانتارانی کورد وەکوو عەبدولڕەحمان سلێمان هەڵوێستمان هەبێت

پەرلەمانتارێكی كوردی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند" سبەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە"، و دەشڵێت" پێویستە پەرلەمانتارانی كورد ھاوشێوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان ھەڵوێست وەربگرن".

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راِیگەیاند" سبەی کاتژمێر ١٢ی پێش نیوەڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبنەوە".

ڕاشیگەیاند" دەستخۆشی لەو بڕیارەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان دەکەین، هەروەها ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرا، دەبێت ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردیش هەڵوێستمان هەبێت هاوشێوەی ناوبراو".

ئەمڕۆ سێشەممە عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، کە یەکێک بوو لە دوو دادوەرە کوردەکانی دادگای فیدراڵی، وەکو ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا دەست لە ئەندامێتیی دادگاکە بکشێنێتەوە.

رۆژی چوار شەممە، (٢١ی شوباتی ٢٠٢٤) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو سکاڵایانەی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابون کۆبووەوە و بڕیاریدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر عێراق و ڕاستەوخۆ مووچە بە كارت لە بانكە فیدڕاڵییەكانەوە دابەش بكرێت.

لە ئێستاشدا وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ٢ی هەرێم تەواو كردووە و بڕیاری ناردنی بڕی ٥٦٨ ملیار دیناری داوە، بەڵام بەپێی لیستەكە مووچەی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەكانی تێدا نییە و وەزارەتی دارایی هەرێم-یش لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت" دەكاتە ڕێژەی تەنها ( ٥٩٪) لە كۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشكردنی ڕێژەی (٤١٪ ) ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەكانیان".


PM:07:38:12/03/2024