هەنگاو: کچێکی ٢١ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا". 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دوو ڕێیانی شاری چەمەنسوڵتانی سەر بە ناوچەی ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و هاوڵاتییەک بە ناوی نیگار کەریمی تەمەن ٢١ ساڵ بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە". 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" نیگار کەریمی دوای پێکرانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام سادقی ئەلیگودەرز و دوای سێ کاتژمێر مانەوەی لەو نەخۆشخانەیە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە". 

ڕاشیگەیاندووە" دوای کوشتنی نیگار کەریمی، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوان کردووە".


PM:06:05:14/03/2024