بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە دەکرێت لە چوارچێوەی بەڵێنی بێکردار ماوەتەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا دەڵێت" ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە،و دەڵێت" ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژەکانی ژیانمان شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین".

لە پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە" بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و هەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی" دەبێت لای هەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە ڕەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەمووان بێت. كوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە".


AM:11:05:16/03/2024