حکومەتی هەرێم بەمزوانە هەوڵدەدات مووچە دابەشبکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات".

پێشەوا هەورامی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیایەکی پارتی لەبارەی بریاری دابەشنەکردنی مووچەوە بەو شێوەیەی بەغدا ناردوویەتی دەڵێت "
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت".

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، " مووچەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بڕدراوە، بەڕاستی نازانم ئەمە چ عەقڵییەتێکە کە بیەوێت مووچەی شەهیدان ببڕێت".

هەورامی باس لەوەش دەکات کە هەندێک کەس و لایەن لەنێو هەرێمی کوردستان هەن کە هیچ باکیان بەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم نییە، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن ئەو حکومەتە شکستی هێنا و نەیتوانی مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات، ئەو کەسانە هەمیشە ئامادەن حکومەتی فیدراڵ فێری مووچەبڕین بکەن".

هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم هەتا هێزی تێدایە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ستەم لە هیچ لایكیش قبوڵ ناکات، هەروەها نەرمی نواندن بۆ رێککەوتن بە مانای تەسلیمبوون نایەت، بە مانەی ئەوەیە کە میلەتێکین دەمانەوێت بەبێ کێشە بژین رێز لە هەموو لایەک دەگرین، دەبێت هەموو لایەکیش لە بەرانبەردا رێزمان لێبگرن".

ئەوە لە کاتێکدایە هێشتنەوەی ئەو پارەیەی لەبەغداوە گەیشتووە بۆ مووچەخۆرانی ژمارەیەک وەزارەت و دەزگاو دابەشنەکردنی بۆتە جێگای رەخنەیەکی زۆری مووچەخۆرانی هەرێم و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن.



PM:11:12:16/03/2024