وتەبێژی حکومەت داوا لە یەکێتی دەکات مووچە دابەشبکات

وتەبێژی حکومەت کە سەر بە پارتییە لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان جیاکاری ناخەنە نێو مووچەخۆرانەوەو بەبێ ناونهێنانیان داوا لە یەکێتی دەکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی " فەرمەن " دەستبەدابەشکردنی مووچەکە بکەن.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە لە راگەیەندراوێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ ی ئازار بڵاویکردەوە، دەڵێت" سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوە دەستیپێکرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئامادەیە تەنها لەسەدا ٥٩ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە موچەی پێشمەرگەو شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنەو جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

وتەبێژەکە بە ناراستەوخۆ داوا لە یەکێتی دەکات  و دەڵێت " لەم کاتەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان موزایەدەو قسەی دیکە دەکەن ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرمون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە موچەیە خۆیان دابەشی بکەن،چونکە ئێمە نەسوکایەتی قبوڵدەکەین و نەجیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین".

لە کۆتاییدا دەڵێت" دوپاتیشیدەکەینەوە داکۆکی لەسەرجەم مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانمان و جیاکاری و سیاسەتی برسیکردن بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە دژی دەوەستین".

حکومەتی هەرێم بەغدا تۆمەتبار دەکات کە پارەی شەهیدان و هێزی پێشمەرگە و شەهیدانی نەناردووە، هەرچی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر وەزارەتێکی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی ناردبێت، ئەوان خەرجیان کردووەو، لیستی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانییان پێنەگەیووە، هەرێم بە بیانووی ئاشکرانەکردنی هێز و ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ناوی ئەو وەزارەت و دەستانەی نەناردووە. 



AM:08:33:18/03/2024