مامۆستایانی نارازی: خۆپیشاندان سنووری سلێمانی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە هەولێریش

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن" داوا دەکەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی وەک خۆی جێبەجێ بکرێن، بە پێچەوانەوە ئەمجارە خۆپیشاندان سنووری سلێمانی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە هەولێریش". 

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردەوە" پێویستە یەکێتی و دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنوورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە ڕابگرن، وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی و ڕێگە بدەن بەزووی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن". 

دەشڵێن" چیتر خۆپیشاندانەکان لە بەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە". 

دەقی بەیاننامەکە:

بەناوی خوای گەورە

مامۆستایان،  فەرمانبەران

سەرجەم چین و توێژەکان

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان ئەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران.

لە ئێستاشدا جارێکی تر، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی "هەژماری من" و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە و بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن کە تەنها ئامانجیشیان پەردەپۆش کردنی دزی و گەندەڵیەکانیان و ستەمی بە بارمتە گرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیە .

ئەم خۆدزینەوە و پابەند نەبوونە تەنها لەسنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا نییە و دەسەڵاتدارانی  سنوری  پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەمساردانە مامەڵە دەکەن و باکیان به بێ مووچەیی خەڵک نییە و دەستیان کردووه بە کردنەوەی هەژماری من ی زۆرەملی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران .

بۆیه ڕایدەگەیەنین

١ــ  پێویستە یەکێتی  و  دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە  ڕابگرن ،  وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن  بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن.

٢ــ پشتیوانی لەبایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین هاوکات داواکاین مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی هەژماری من و  فەرمانگە وخوێندنگەکانیان بکەن ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.

٣ــ دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.

٤ــ حیزب و هێزە ئۆپزیسۆنەکان و زانایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان لەئاست سەختی دۆخەکەدا بن و هەڵویستی ڕوون و ڕاشکاوانەیان بەرامبەر بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و هەژماری من ی زۆرەملی ڕابگەیەنین .

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین

چیتر خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .

هاوکات  داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان ئەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە ستەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان. 


PM:06:57:18/03/2024