چوارچێوەی هاوئاهەنگی: رێز لە دادگای فیدراڵی دەگرین و نابێت لە بەهاکانی کەمبکرێتەوە

چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ناراستەوخۆ وەڵامی پارتی دەداتەوە و سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێزەوە تەماشای دادگەی باڵای فیدراڵی و سەرۆکەکەی دەکات و دەڵێت" نابێت لە بەهاکانی کەمبکرێتەوە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەپێناو پاراستنی هاوسەنگیی دەستووری لە دروستکردنی بڕیارەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و چاودێری، جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکدی و درێژنەبوونەوەی هیچ دەسەڵاتێک لەسەر ئەوانی دیکە دەکەینەوە".
 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" بەڕێزەوە تەماشای دادگەی باڵای فیدراڵی و سەرۆکەکەی، جاسم عومێری دەکەین و رێز لە بڕیارەکانی دەگرین و نابێت لە بەهاکانی کەمبکرێتەوە".
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی راشیگەیاندووە" ئەوان لە رابردوودا بە بڕیارەکانی ئەو دادگەیەوە پابەندبوون، هەرچەندە بەپێی راگەیێندراوەکە بەشێکی بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبوو".
 
هەر لەم پەیوەندییەوە سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، لەبارەی راگەیێندراوەکەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ماوەیەکە هێرشەکان بۆ سەر دادگەی فیدراڵی و سەرۆکەکەی زیادیان کردووە و سەرۆکەکەی بە ئەندامیێتی لە رێکخراوێکی سیاسی تۆمەتبار دەکرێت، دەبێت هێرشەکان رابگیرێن و ئەو ناوزڕاندنەی هەیە، کۆتایی بێت،  ماوەیەکە کردنە ئامانجی دادگەکە و سەرۆکەکەی بەمەبەست زیادیکردووە."

چوارچێوەی هاوئاهەنگی گردبوونەوەیەکی زۆربەی لایەنە شیعەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە، جگە لە رەوتی سەدر، و هەروەها زۆربەی لایەنەکانی سوننە و لەوانە پارتی و یەکێتی ئەندامن لەم چوارچێوەیەدا. 
 
ئەو راگەیەندنە دوای ئەوە دێت، ماوەیەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیەوە (لەوانەش لە راگەیەندروەکەی پارتی سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردن)، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە "سیاسیکراو" ناودەهێندرێن، دوای ئەو ژمارە بڕیارەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەریکردن.
 
دوێنێ دادگای فیدراڵی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە  بەهۆی بڕیارەکانیەوە، رووبەڕووی ھێرشێکی راگەیاندنی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، ئەو هێرشانەی بە سیاسی ناو برد و رایگەیاند" دەبێت رێوشوێنی یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر".



AM:09:41:21/03/2024