مامۆستایانی ناڕازی: رۆژی دووشەممە خۆپیشاندان بۆ بەردەم دەباشان دەبەین

مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دووپات کردەوە و کۆتا مۆڵەتیشیان دایە یەکێتی کە (هەژماری من) ڕەتبکاتەوە و مووچە دابەشبکات، هەروەها دەشڵێن" دوو شەممە خۆپیشاندان دەبەینە دەباشان".( مەبەست ماڵی بافڵ تاڵەبانی سەرۆک یەکێتی یە).


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری سپی تێدا ئامادەبوو ڕەتکردنەوەی (هەژماری من)یان  ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە" تەنها خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییە".

هاوکات مامۆستایان پەیامێکی توندیان ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکەن، کە لەلایەکەوە بڵێن لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانداین و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارییەکانی پارتی لەبەر بەرژەوەندی حزب جێبەجێ بکەن و بەسەر مووچەخۆراندا بیسەپێنن.

ئەوەشیان خستەڕوو، بڕیاری تایبەت بە بانکی کردنی مووچە و لابردنی کورسی کۆتاکان لە یەک ڕۆژدا دەرکراوە، ناکرێت پابەندی یەکێکیان بن و پابەندی ئەوی دیکەیان نەبن، ڕێگەی دروست لەبەردەمتاندا هاوکاریکردنی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینە بۆئەوەی کی کارد بۆ مووچەخۆران دروستبکەن، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کە لەلایەن هەر سێ حزبی پارتی، یەکێتی و گۆڕان دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەجی سزاکانی مامۆستایان هەڵبوەشێنرێتەوە.

مامۆستایانی ناڕازی جەختیان لەوەکردەوە، یەکێتی حوکمڕانی ئەم سنوورەیە هەر بۆیە تا ڕۆژی دووشەممە٢٥ی ئازار بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی (هەژماری من) نەدات و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچە، ئەوا ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ١١:٠٠ پێشنیوەڕۆ خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە شەقامی مەلیک مەحمودی شاری سلێمانییەوە بەرەو دەباشان ئەنجامدەدرێت، پەیامی ڕاستەوخۆ دەدەینە دەسەڵاتدارانی ئەم سنوورە.

داواشیان کرد لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییان کرد بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن
هەر لە کۆنگرەکەدا مامۆستایان داوایان لەسەرجەم پارتە سیاسییەکانی دیکەش کرد کە بە فەرمی (هەژماری من) ڕەتبکەنەوە.



PM:12:30:21/03/2024