خوێندکارانی نارازی زانکۆکانی هەڵەبجە و چەرمو و ئیدارەی راپەڕین بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند

دژی دابەشنەکردنی دەرماڵەکانیان ئەمڕۆ شەممە بەشێک لە خوێندكارانی نارازی زانكۆكانی هەڵەبجە، چەرموو و ئیدارەی راپەڕین بایكۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند. 

دەستەی نوێنەرایەتی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوری، بە دەنگی زۆرینەی خوێندکاران بڕیاردراوە تا ١ی نیسان بایکۆتی خوێندن بکەین، ئەگەر بارودۆخی ئابوری بەمجۆرە بەردەوام بێت، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بایکۆت بەردەوام دەبێت". 

هەروەها لای خۆشیەوە هەرمان كامیل وتەبێژی نوێنەرانی زانكۆی چەرموو لە پەیامێكدا رایگەیاندووە" بڕیارمانداوە بە بایکۆتکردنی خوێندن تا دوای جەژنی رەمەزان، ئەمساڵ هیچ دەرماڵەیەکمان وەرنەگرتوە، لە کاتێکدا لە زانکۆکانی سنوری هەولێر و دهۆک دەرماڵە دابەشکراوە و زانکۆ هەبووە دوو دەرماڵەی بەیەکەوە دابەشکردووە". 

هاوكات لە ئیدارەی راپەڕینیش خوێندکارانی نارازی زانکۆی راپەڕین و کەمپسی قەڵادزێ بڕیاری بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاندووە. 


PM:01:40:23/03/2024