هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دەستگیر دەکرێت

بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە مەبەستی فشاری خستنە سەر یەکێتی لە بازنەی مەلیک مەحمودی گردبوونەوە بە ئامانجی بەرێخستنی خۆپیشاندان بۆ بەردەم ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان، بەلآم هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن و ژمارەیەکیان لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیان دەستگیرکردو، رێگریان کرد لە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە لەلایەن میدیاکارانەوە.

پەیامنێری " سپی " ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کەرەستەی رۆژنامەنووسی لەچەندان رۆژنامەنووس سەندراوە تا رێگریان لێبکەن رووماڵی بارگرژی نێوان مامۆستایانی خۆپیشاندەرو هیزە ئەمنییەکان بکەن.

هەرچەندە تا ئێستا چەندجارێک مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاندووە کە خۆپیشاندانەکانیان دەبەنە بەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان، بەلام هەر جارەو بە هۆکارێک ئەنجامیان نەداوە، ئەمڕۆ یەکەم جار بوو کە هەوڵیاندا رێڕەوی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردوون.

کۆتایی هەفتە مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا داوایان لە یەکێتی کرد کە هەرچی زووترە لیستی مووچە خۆرانی سلێمانییە رەوانەی بەغدا بکەن و ( هەژماری من ) کە هەژمارێکی بانکییە و لە هەرێم دروستدەکرێت، رەتبکەنەوە، ئەمڕۆ مامۆستیانی ناڕازی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو هەوڵیاندا بچنە دەباشان، بەڵام هەر لە بەردەم بازنەی مەلیک مەحمود راگیران.   
    

PM:12:12:25/03/2024