مامۆستایانی ناڕازی پەیامێکی توند ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن

مامۆستایانی ناڕازی ئەو ڕاگەیەندراوەیان بڵاوکردەوە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە دەباشان بیخوێننەوە، تێیدا بە دەسەڵاتداران دەڵێن" تا ئێرە و بەس، ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان".

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو ڕاگەیەندراوەیان بڵاوکردەوە کە بڕیار بوو لە دەباشان بیخوێننەوە بەڵام بەهۆی ڕێگری لە هێزە ئەمنییەکانەوە خۆپیشاندانەکەیانەوە نەخوێندرایەوە، و دەڵێن'" ئەمڕۆ هەمووان پێکەوە لە دەباشانی ناوەندی بڕیاری ئەم سنوورە کۆبووینەتەوە، تا پڕ بە گەروومان و بە ڕوون و ڕاشکاویی بە لووتکەی دەسەڵات بڵێین: ئەگەر لەگەڵ بەیاننامە، وتار و قسەی ناو دیدارەکانتان ڕاستگۆن! وەک چۆن بەوپەڕی شادومانییەوە باوەشتان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵیی کردەوە لە هەمبەر (هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان و دابەشکردنی هەرێم بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن)، فەرموون بڕیاری بە نیشتمانیکردنی مووچەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن هەمان دادگاوە لە هەمان ڕۆژدا دەرچوو، ئێمە هاتووین تا پێتان بڵێین؛ تا ئێرە و بەس، ماندووبووین بەدەست یاریکردن و هەڵوێستی خۆڵەمێشییانەتان".

ئاماژەیان بەوەشکرد، تووڕە و بێزارین لە بەبارمتەکردنی مووچە و قووتی خۆمان و ماڵ و منداڵمان، پێتان دەڵێین، ئەگەر دەتانەوێت میللەت بۆ یەکجاریش بێت بڕوا بەوەکات، کە ئێوە و پارتی دووڕووی یەک دراو نین و حیزبێک نین لەگەڵ گورگ گۆشت بخۆن و لەگەڵ مەڕ شین بکەن؛ فەرموون قۆڵی مەردایەتی لێهەڵماڵن و هەر ئەمڕۆ بەفەرمیی کارەکانی تایبەت بە "هەژماری من”ی سەپێنراو لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆتاندا ڕابگرن و هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بکەن، تا بە زوویی وەک مووچەخۆرانی عێراق، لە ڕێی کی کاردەوە مووچەکانمان وەربگرین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئێوەی دەسەڵاتداری ئەم سنوورە، کە لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، دوو بژاردەتان لەبەردەمە، یان ئەوەتا لەپێناو درێژەدان بە شەریکایەتیتان لەگەڵ پارتی و ڕاگرتنی دڵیان، پشت لە مووچە بە بارمتەگیراوانی ئێره دەکەن، دواتر بەر لە هەرکەس و لایەنێک خۆتان بەسەختی باجەکەی دەدەن یان ئەوەتا دێنە ژێرباری داوا ڕەواکانمان و دڵی میللەت خۆشدەکەن و بەسوود بۆ خۆتان دەشکێتەوە".

ئەوەشیان خستەڕوو،" سەرباری ئەوەش داواکارین، بەر لە هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، هەریەک لە مووچەکانی مانگی دوو و سێ دابەش بکەن، لەوە زیاتر خەڵک و مووچەخۆران برسینەکەن و نەمانچەوسێننەوە، وەک چۆن ١٠ ساڵە هاوبەشێکی سەرەکیی پارتین لە سیاسەتی برسیکردندا، ئەگەرنا دڵنیاتان دەکەینەوە، سزای گەورەی خودا و شۆڕشی برسییەکان بەرۆکتان دەگرێت، مێژووی دەسەڵاتە تاڵانکارەکانمان لە پێشچاوە، کە چۆن بوون و چییان لێ بەسەرهات".

لە کۆتاییشدا جەختیان لە پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی دووپاتکردەوە، ڕاشیانگەیاند" لێرەدا ناوەستن و جوڵە و ڕێکاری نوێیان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەبێت ".

بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە مەبەستی فشاری خستنە سەر یەکێتی لە بازنەی مەلیک مەحمودی گردبوونەوە بە ئامانجی بەرێخستنی خۆپیشاندان بۆ بەردەم ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن و ژمارەیەکیان لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیان دەستگیرکردو، رێگریان کرد لە رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە لەلایەن میدیاکارانەوە.




PM:03:14:25/03/2024