دوایین وادە بۆ وەرگرتنی لیستی هاوپەیمانێتی و بەربژێرەكان دیاریکرا

کۆمسیۆنی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەی دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی كاندیده‌كان". 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤ دوایین رۆژی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکانی هاوپەیمانێتی و حزب و سەربەخۆکانە بۆ بەشداریکردن لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی رێنماییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو ماوەیە درێژناکرێتەوە. 

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەكەش لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت. 

هەروەها پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان بە سیستمی چوار بازنەی بەڕێوەدەچێت و لایەنەکانی هەرێم کێبڕکێ لەسەر (١٠٠) کورسی پەرلەمان دەکەن کە لە بازنەی پارێزگای هەولێر (٣٤) كورسی بۆ تەرخانكراوە و لە بازنەی پارێزگای سلێمانیش (٣٨) كورسی، لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجەش سێ‌ كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەردەكەوێت، هەروەها لە بازنەی پارێزگای دهۆک (٢٥) كورسی بۆ تەرخانكراوە.


PM:06:50:25/03/2024