زیاتر لە ٢٠ مامۆستا کە دوانیان ژنبوون لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکراون

‌یەكێک لە مامۆستا خۆپیشاندەرەکان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەری

لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی زیاتر لە ٢٠ مامۆستا دەستگیرکراوە کە دوانیان ژن بوون، هەروەها دوو رۆژنامەنووسیش کە دوای مانەوەیان زیاتر لە ٦ کاتژمێر ئازاد کران.

بەپێی زانیارییەکان ماڵپەڕی( سپی ) ژمارەی ئەمڕۆی خۆپشاندەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە رۆژانی تر کەمتربوون، بەرامبەر ئەوانیش هێزێکی زۆری ئەمنی هێنراوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکەو رێگرتنیان لەوەی کە بچن بەرەو ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان.

ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنووس کەرەسەتەی رۆژنامەنووسیان لە کامێراو مۆبایڵ لێسەندراوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی کە ژمارەیەک رۆژنامەنووس هەتا مۆبایل و ئامێرەکانیان شاردۆتەوە تا دەستیان بە سەردا نەگیرێت.

هەروەها دوو رۆژنامەنووس کە وێنەگری تەلەفزیۆنی ئێن ئارتی و وێستگەنیوز بوون لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بوون و چەند کاتژمێر بە دەستەبەسەری هێلراونەتەوە.

لە نێو مامۆستا گیراوەکاندا هێزە ئەمنییەکان ئازارێکی زۆری مامۆستایەکیان داوە، دوو مامۆستای ژنیش تا ئێوارە بە دەستگیرکراوی هێلراونەتەوە، هەروەها دوو مامۆستای هەڵەبجە و دوانی گەرمیانیش لەرێگا راگیراون، لەنێو ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی و دەستەی مامۆستایانیشدا چەند مامۆستایەک دەستگیرکراون.

دوای شەش مانگ لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئاشتیانەی مامۆستایان و ئیدارەدانی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ ئەو خۆپیشاندانە، ئەمڕۆ کە مامۆستایان هەوڵیان دا خۆپیشاندانەکە بەرن بۆ بەدەم بارەگای تاڵەبانی لە گردی دەباشان رووبەڕوویان بوونەوەو توندتیژیان بەکارهێنا.    



PM:09:10:25/03/2024