سبەینێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچە کۆدەبێتەوە

بڕیارە پێشنیوەڕۆی سبەینێ چوارشەممە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبێتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش بریتیە لە مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران. 

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، تێیدا هاتووە" کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێوەدەچێت". 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی هەرێم دوایین پێشهات لەبارەی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ دەخاتەڕوو.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە) و وەزیرانی یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیران دەبن.

هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم تەوەرانەش تاوتوێ دەکرێن: 

- بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.

- خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی ١٣ی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.

- خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٠٧ی ٢١-١٢-٢٠٢٣ تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە ٢٢٦ی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣ کە بە نووسراوی ژمارە ١٤٩ لە ١٤-١-٢٠٢٤ی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.
 
هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە (٦٠٠) ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام تائێستا وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کە زیاتر لە (٥٠) رۆژە نەدراوە دیارینەکراوە و حکومەت بە بیانووی نە ناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرجنەکردووە.


PM:12:19:26/03/2024