ژنێکی دۆستی کورد دەبێتە باڵوێزی عێراق لە سعودیە


بۆ یەکەمجار پادشای سعودیە پێشوازی لە ئافرەتێکی عێراقی بە ناوی سەفیە تالیب ئەلسوهەیل، وەک باڵوێز دەکات، سوهەیل دۆستێکی دێرینی کوردەو هاوسەری کەسایەتییەکی دیاری کوردستان بەختیار ئەمینە.

 سەفیە دوای بوونی بە باڵوێزی عێراق لە سعودیە ڕایگەیاند" لە ئێستادا هەماهەنگی نێوان بەغدا و ڕیاز پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینییوەو کاریگەری لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی سەقامگیریدا هەیە".

ئەلسوهەیل، بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەم هەماهەنگییەی نێوان سعودیە و عێراق بەشداری کردووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، نەک تەنها لە نێوان هەردوو وڵات، بەڵکو لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەش بە گشتی.

ئەلسوهەیل جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە لە پایە بنچینەییەکانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە، " باوەڕێکی پتەومان بە هەنگاوی هاوبەشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندییانە بەرەو ئاسۆی نوێ و فراوانتر کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی برا و گەلە بەخشندەکەیان بکات".

 ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" لەم چوارچێوەیەدا، ئەولەویەتەکانمان فراوانتر دەبن و قووڵکردنەوەی هاوکاری دوولایەنە گشت بوارە جیاوازەکاندا دەگرێتەوە، لەوانە ئاسایش، وزە، ئابووری، بازرگانی، ڕۆشنبیری، پەروەردە، تەندروستی، ژینگە و هتد".

سەفیە سوهیل لە خێزانێکی تێکۆشەری عێراقەو چەند کەسێکی خانەوادەکەی لەسەردەمی سەدامدا بەدەستی رژێمی پێشوو بوونەتە قوربانی، هاوکات دۆستی دۆزی کوردە.

ناوبراو هاوسەری بەختیار ئەمین کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردە کە لە یەکەم کابینەی دوای روخانی رژێمی دیکتاتۆری کرا بە وەزیری مافی مرۆڤ.




PM:12:14:30/03/2024