"حكومەت ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی هه‌بووه‌ و ئاماده‌نه‌بوو كورتهێنانی مووچه‌ پڕبكاته‌وه‌"

میدیای فەرمی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی (٩٦٠) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبووە کورتهێنانی موچە پڕبکاتەوە". 

ماڵپەری فه‌رمی‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (PUKMEDIA)، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤ راپۆرتێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووە" حکومەتی هەرێم مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە واتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم ٩٦٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبووە کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی سێ مانگی ئه‌مساڵدا ترلیۆنێك و ٢٢٦ ملیار دیناریشی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هەرێم هاتووه‌، كه‌ به‌كۆی گشتی زیاتر له‌ ٢ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار ده‌كات و له‌و بڕ‌ە‌ش ته‌نها ٩٤٩ ملیاری بۆ مووچه‌ی یه‌ك مانگ خه‌رجكردووه‌". 

میدیای‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتی دەشڵێت" ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٦٠ رۆژ، واته‌ دوو مانگه‌ مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌ و به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش بایكۆتی ده‌وامیان راگه‌یاندبوو، وه‌زاره‌تی دارایی بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی كانوونی دووه‌می ئەمساڵ له‌ رۆژی ٢ی ٢ ده‌ستیپێكرد و رۆژی ٨ی ٢ كۆتاییهات، له‌ دوای ئه‌و واده‌یه‌شه‌وه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم نزیكه‌ی ٦٠ رۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٢٠ رۆژه‌ حكومه‌تی عیراق مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی ناردووه‌". 

لە ماوەی ئەمساڵدا حكومەتی هەنها ته‌نها یه‌ك مووچه‌ی دابه‌شكردووه‌ و له‌ ئه‌مڕۆشەوە ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچەی مانگی شوبات کردووە، لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و تائێستاش چاره‌نووسی مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ نادیارە. 


PM:05:09:30/03/2024