ئەمشەو و بەیانی بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یان دواخستنی دەدرێت

ئەمشەو ٣٠ ی ئازار تا بەیانی دوانیوەڕۆکەی دیبلۆماسیەتی پارتی و بەغدا و ئەمەریکاش گەرمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یان دواخستنی، هەرچی پارتییە هەموو هێزو فشارەکانی خۆی خستۆتە کار بۆ دواخستنی، بەغداو دادگای فیدراڵی تا ئێستا سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " تا ئێستا پارتی سوورە لەسەر بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا و هەوڵی جدی و هەمەلایەن دەدات بۆ دواخستنی، هەرچی کۆمسیۆن و لایەنەکانی هاوپەیمانی دەوڵەت هەیە بە سودانیشەوە دەیانەوێت ئەنجام بدرێت.

بەپێی بۆچوونی چاودێران ئەمشەو تا سبەی ٣١ ی ئازار کاتژمێر ٢ ی پاشنیوەرۆ ماوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یان دواخستنی، هاوکات کارکردنێکیش هەیە لەلایەن باڵوێزی ئەمەریکاوە بۆ نزیکخستنەوەی تێڕوانینی لایەنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن تا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لە ١٠ ی حوزەیراندا.

لایەنی عێراقی مەترسی ئەوەی هەیە گەر هەڵبژاردن دوابخرێت، هیچ مسداقیەتێک بۆ کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی نامێنیتەوە و سەرجەم کارەکانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە بەغدا مکوڕە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە ١٠ ی حوزەیرانە، هەرچی پارتییە فشار دەکات بۆ دواخستنی تا لەو رێگایەوە هەڵبژاردن دوا بخات و گومان لەسەر کۆی بڕیارەکانی تری دادگای فیدراڵی و حوکمڕانی بەغدا لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروستبکات کە بەرامبەر کوردستان داویانە.

لەم گفتوگۆ گەرمەدا ئەگەرێک لە ئارادایە کە هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەگەرێک هەیە پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان تا پێنج رۆژی دی دواخرێت و لەماوەیەدا هەندێک دەستکاری چۆنێتی هەڵبژاردن بکرێت کە چەند داواکارییەکی پارتی بگرێتە خۆی، ئەگەرێکی تر هەیە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک دوابخرێت.

هەموو ئەم ئەگەرانە تا بەیانی دوا نیوەڕۆ یەکلایی دەبنەوە.    
  

PM:10:25:30/03/2024