یەکێتی: بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نین

دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە وادەی خۆیدا.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند" یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە وادەی خۆیدا و دەیانەوێت هەڵبژاردن لەو ماوەیەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق دیاریکراوە بکرێت".

دەشڵێت" بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نین و پێمان خۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن".

زگار حاجی حەمە  راشیگەیاند" ئەمرۆ بەڕەسمی لیستی کاندیدەکانمان لە سنوری هەرچوار بازنەی (سلێمانی ، هەولێر ، دهۆک ،هەڵەبجە ) پێشكەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عیراق کردو ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا ٢٠ حزب و ٢هاوپەیمانێتی و ٦٢ کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، بەڵام تائێستا تەنها دوو هاوپەیمانێتی و ١٠ حزب و ٥٤ کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە.




PM:03:19:01/04/2024