"نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار جێگیر نابێت"

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ھەر چەند رێکار بگرینەبەر تاوەکو گەمەکردن بە بازاڕ و بە قاچاغبردنی دۆلار بەردەوام بێت نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی جێگیر نابێت". 

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە" لەو دۆخەی ئێستا عێراقی تێدایە بە بۆچوونی من کاتییە دابەزینی دۆلار و ھەندێک ڕێکاریان گرتووەتەبەر بانکی ناوەندی، بەڵام تاوەکو ئەوانەی قاچاغی و گەمە بە دۆلار دەکەن ڕەنگە گەمەیەکی پێی بکەن و جارێکی دیکە نرخی دۆلار وەکو خۆی لێ دێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێکاری پێویست بگرنەبەر دۆخی ئابووری عێراق باشە ھاوکات یەدەگیشی باشە، بۆیە حەقە دیناری عێراقی زیاتر سەرکەوێت، بەڵام لە عێراق ھیچی زانستی سەرناگرێت بەھۆی ئەوەی ئەوانەی گەمە بە بازاڕ دەکەن زۆرن و دەسەڵاتیان ھەیە و ھەر کاتێک بیانەوێت ئەو کارە دەکەن". 

دکتۆر فازڵ وتیشی" ئەو کەسانەی گەمە بەبازاڕی نرخی دراو دەکەن ناتوانین پێشبینی بکەین نرخەکە چی لێ دێت، لەبەر ئەوەی ئێستا نرخی دراو لە دەستی ئەوانەیە کە گەمە بە بازاڕ دەکەن و قاچاغی بە دۆلار دەکەن، بۆیە تاوەکو ئەو دەستە بمێنێت ئەستەمە نرخی دۆلار جێگیر بێت و پێویستە ئەو کارە ڕابگرن ئەوکات ڕێکارەکان جێبەجێ بکرێن و دەتواندرێت نرخی دۆلار جێگیر بکرێت".

نەبی ڕاشیگەیاندووە" ھاتنە خوارەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە و تەنھا لە ڕووی دەروونی ھەر کاتێک پەیوەندی عێراق و ئەمریکا باش بێت نرخی دۆلار بەرەو دابەزین دەبێت و ئەگەر باش نەبێت بەرەو بەرزبوونەوەیە و کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت، ئەگەر نا لە ڕووی کرداری ھیچی تازە نیە لە نێوان ھەردوو وڵات بۆ ئەوەی رێکاری تازە بگرنەبەر، بۆیە حکومەتیش ناتوانێت رێگری لە بەقاچاغبردنی دۆلار بگرن". 


AM:12:02:02/04/2024