"حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى دارایی ده‌بوایه‌ شه‌ڕى بڕینى موچه‌ى نایاساییان بكردایه‌"

ئینیستتوتى پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت" ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى دارایی، په‌رۆشی موچه‌خۆران بونایه‌ ده‌بوایه‌ شه‌ڕى بڕینى موچه‌ى نایاساییان بكردایه‌، ئه‌وكاته‌ موچه‌ى یاسایی ئۆتۆماتیكى شوێنى خۆى ده‌كرده‌وه‌". 

ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە" لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێنج ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی مافی ئەندامێتییان نەبووە، چەند مانگێک مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە و دواتریش لەسەر داوای خۆیان و وەزیری دارایی و ئابوری لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر خانەنشینکردنیان دراوە". 

ئینیستتوتى پەی دەشڵێت" ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى دارایی، په‌رۆشی موچه‌خۆران بونایه‌ ده‌بوایه‌ شه‌ڕى بڕینى موچه‌ى نایاساییان بكردایه‌، ئه‌وكاته‌ موچه‌ى یاسایی ئۆتۆماتیكى شوێنى خۆى ده‌كرده‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ پابه‌ندبن به‌ گێڕانه‌وه‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ى موچه‌ نایاساییه‌كان، نه‌ك هه‌ر نه‌یانگێڕایه‌وه‌ به‌ڵكو دوو مانگى تریشیان دواى ده‌رچونى بڕیاره‌كه‌ى دادگه‌ى ئیتحادى به‌ نایاسایی به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاراندا دابه‌شكرد".

دەقی راپۆرتەکەی ئینستیتیوتی پەی:

خانەنشینی نایاسایی

حكومەتی هەرێم لەبەر شەڕكردن لەسەر موچەی نایاسایی، فریای بەرگریكردن لە موچەی یاسایی ناكەوێت!

دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 7/10/2023 بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنی دواخست، لەبەرامبەردا لەئەنجامی سكالا لەلایەن دادگای فیدرالیەوە لە رۆژی 30/5/2023 ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوزەد كرد و رایگەیاند، كە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (6/11/2022)ەوە كۆتایی هاتووە، رایگەیاند كە هەموو ئەو یاساو بڕیاریارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە و نادەستوری هەژمار دەكرێت و حكومەتی هەرێمی بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناوبرد.

بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی هەموو ئەو كەسانەی لە دوای ئەم رێككەوتەوە لەشوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان كراون بە ئەندامی پەرلەمان، بە نایاسایی دادەنرێن و ناكرێت وەك ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەژمار بكرێن و هەر ئیمتیازاتێكیشیان وەرگرتبێت نایاساییەو لێیان دەسەنرێتەوە. كە ئەمانەن:

1-سۆز عبدالقادر عبدالرحمن: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە سالح) لە رۆژی (30/11/2022) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.

2-دلێر عبدالخالق حاجی: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە سالح) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.

3-بێریوان فەقێ ئیسماعیل: لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. لەكاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابوو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبوو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بوو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دوور خستنەوەی ناوبراویاندا لە حزبەكەیان.

4-عەبدوللا حەسەن حەمەد: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوە یەكگرتوو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.

5-لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتوو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.

6-مەهدی عەلی عەبدوللا: لەسەر فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە شوێنی ئەندامی دەستلەكا كێشاوە (كازم فاروق) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.

حكومەتی هەرێم لەبەر شەڕكردن لەسەر موچەی نایاسایی، فریای بەرگریكردن لە موچەی یاسایی ناكەوێت!

پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای ئەوەی بەهۆكاری نەگەیشتنە سازانی هێزە سیاسیەكان لەلایەك و لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیەوە نەیتوانی نەخشەڕێگایەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابنێت و بەڕوو سوری تەمەنی خولەكەی خۆی كۆتاپێبێنێ‌، ئەوە بوو لە (9/10/2022) بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بۆ ساڵێك دا، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوێكی هێنابوویەوە، كە لە هۆكارەكانی دەرچوونی یاساكەدا هاتبوو، وەك: رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی، دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.

بەڵام لەراستیدا هۆكارە راستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە: خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت.

دوای هەشت مانگ لە درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە رێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كردو نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری رەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست. 

دواتر لە (30/5/2023) بەهۆی چەند سكاڵایەكەوە، دادگەی ئیتیحادی بڕیاری نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیدا، ئەو ماوەیەی لە (6/11/2022) تا (30/5/2023) ی بە نایاسایی دانا، بەمەش سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان دابوونی، ئەو هەنگاوانەی نابووی لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان بە ئەندامی نوێ و سوێندخواردنیان، پوچەڵ كرانەوە.

بەپێی بڕیارەكەی دادگە، ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاران موچەیان وەرگرتبوو نایاسایی بوو، دەبوایە موچەكان بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، بەلام هیچ پەرلەمانتارێك موچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە لە ئێستادا لیستیان دروستكردووە، یا لەنێو حزبەكانیاندا خۆیان كاندید كردۆتەوە، گوایە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندی هاولاتیان دەیانەوێ بچنەوە پەرلەمان! ئەمە لە كاتێكدا موچەخۆران تا ئێستا چوار موچەیان وەرنەگرتووە، كەچی پەرلەمانتارەكان حەوت موچەیان بە نایاسایی خوارد. 

خۆ ئەگەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، پەرۆشی موچەخۆران بوونایە دەبوایە شەڕی بڕینی موچەی نایاساییان بكردایە، ئەوكاتە موچەی یاسایی ئۆتۆماتیكی شوێنی خۆی دەكردەوە. لەكاتێكدا دەبوایە پابەند بن بە گێڕانەوەو لێسەندنەوەی موچە نایاساییەكان، نەك هەر نەیانگێڕایەوە بەڵكو دوو مانگی تریشیان دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی ئیتحادی بە نایاسایی بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشكرد.

ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات!

سەرباری هەموو ئەوانە، لە ئێستادا فەزاحەتێكی گەورەتر بەڕێوەیە، بەپێی ئەو بەڵگەو دۆكیۆمێنتانەی دەست ئینستتیوتی پەی كەوتووە، پێنج لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای (6/11/2022) بەنایاسایی سوێندیان خواردبوو، داواكارییەكیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردووە و داوای خانەنشینی دەكەن، كە داواكاران بریتین لە (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) و (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە بزوتنەوەی گۆڕان، (عەبدوڵلا حەسەن حەمەد) و (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە بزوتنەوەی ئیسلامی، (بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل) لە یەكگرتووی ئیسلامی (هەر بۆ زانیاری دوای سوێندخواردنی بێروان فەقێ‌ لە پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی ناوبراوی لە ریزەكانی خۆی دەركرد)، بەپێَی زانیارییەكانی ئینستتیوتی پەی سەرۆكایەتی دیوان بەبی ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، دواتر داواكارییەكە لەلایەن وەزیری داراییەوە براوەتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە رۆژی (27/3/2024) یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بووە، هەروەك بەڵێنیان پێدراوە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر پێنجیان خانەنشین بكرێن. ئەمە لە كاتێكدایە كە موچەخۆران موچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە، رۆژی بەر لە كۆبوونەوەكەش سەرۆكی حكومەت لە میدیاكانەوە موژدەی ئەوەی دابوو گوایە لە كۆبوونەوەكەدا هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ موچەخۆران و هاوڵاتیان پێیە! كەچی یەك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خانەنشینكردنی ئەو پەرلەمانتارانە بە شێوەیەكی نایاسایی.

شایانی باسە ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها (5) مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دوو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردووە. یەكێكیان بەشداری (5) كۆبوونەوەو ئەوانەی تر بەشداری تەنها (3) كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژە یاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوونە تەنها (8:45) هەشت خولەك و چل و پێنج چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە كەچی لەبەرامبەردا بە هەر پێنجیان بڕی (172.200.000) سەد و حەفتاو دوو ملیۆن دیناریان وەك موچە وەرگرتووە. ئێستاش بە نایاسایی داوای خانەنشینی دەكەن وەك ئەوەی بیریان چووبێت ئەو ماوە كورتەی لە پەرلەمان بوون بە یاساداڕێژەر (مشرع) و پارێزەری یاسا ناوبراون! سەرجەم وردەكارییەكانیان لە خشتەكاندا خراونەتە روو.

جگە لەمانە لەو ماوەیەدا (واتە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی) پەرلەمانی كوردستان (7) یاسای پەسەند كردووە، كە بە نەبوو دادەنرێن، كەچی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك بە ژمارە (12952) كە لە (12/10/2023) دەریكردووە كار بەو یاسایانە دەكات، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگایە، لەداهاتوودا كێشە بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان دەنێتەوە. 

ئەگەر سەبارەت بەم دۆسیانە، هەر كەسێك لە دادگەی ئیتیحادی سكاڵا تۆمار بكات، دادگا لەبەرژەوەندی سكاڵاكار و لە دژی حكومەتی هەرێم بڕیار دەدات، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە و خانەنشین بوونە نایاساییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە، داوای گێڕانەوەی ئەو موچە نایاساییانە دەكات كە وەرگیراون، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم دیسانەوە رایدەگەیەنێ‌ كە دادگەی ئیتیحادی دژ بە حكومەتی هەرێمە، لەكاتێكدا حكومەت خۆی كارتی نایاسایی دەدات بە دادگا تا دژی بجولێتەوە!

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر بچێتە سەر و ئەنجامبدرێت، وێڕای ئەوەی یاساشكێنیەكی روونە، دروستكردنی دۆخێكی ناعەدالەتییە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، سوكایەتیشە بە دامەزراوەیەكی بەرز و پیرۆزی وەك پەرلەمان، چونكە پەرلەمانی پێ لاواز دەبێت، باشتر وابوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حزبە سیاسییەكان بەدواداچوونیان بكردایە بۆ ئەو بڕیارە نابەجێیەی دادگەی ئیتیحادی دەریكردووە كە هیچیتر نابێت "پەرلەمان مەرجەعی باڵای یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستان"بێت. لەبەر هیچنا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، چونكە تا دامەزراوەی پەرلەمان تۆكمەو بەهێز بێت، حكومەت بەهێزتر دەبێت و حیزبە سیاسییەكانیش ئاسودەتر لە هاتنەدی خواست و داواكارییەكانیان، بەڵام بەداخەوە شەڕیان لەسەر ئەوەیە كامیان پێشێلی زیاتری یاسا بكەن لەپێناو دەسكەوت و بەرژەوەندیی بچوك!


PM:04:03:04/04/2024