مامۆستایانی ناڕازی: ٣ هەزار مامۆستا سزادراون


مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەو سزایانە دەکەن کە لە کاتی بایکۆتدا رووبەڕووی مامۆستایان بۆتەوە، لە گواستنەوەو سزادان و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن تەنها لە سلێمانی ٣ هەزار مامۆستای سزای ئامادەنەبوون دراون.

لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمشەو ٤ ی نیسان بڵاویانکردۆتەوە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن" تەنها لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠٠ سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو (غیاب) سزادراون، وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێ کە ڕوویەکی دیکتاتۆریانەی پەروەردەی نیشانداین و لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە، تا ئێستا ئەو بەڵێنانەی پێیان دراوە بۆ سڕینەوەی ئەو سزایانە تەنها لە سنوری بەڵێن دەرناچێت و بەکرداری ئەو سزایانە لەسەر مامۆستایان لا نەبراون.

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست 

هاوڵاتیانی ستەم لێکراو مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن هەڵوێست لەسەروبەندی ناڕەزایی و بایکۆتی ڕەوای مامۆستایاندا بەڕێوبەرایەتیەکانی پەروەردە لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندابن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبیانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا.
 لە ڕابردوودا لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش و دیدارە جیاوازەکانەوە هەوڵماندا بۆ سڕینەوەی سزاکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاکە وێڕای هەندێك بەڵێنی زارەکی بەڵام هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە شوێنی خۆیان ماون و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستاو فەرمانبەرانەوە، ئەوە وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکیتر و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان. 
ئێمە لێرەوە وێڕای جەختکردنەوە لە ڕەدکردنەوەی سزاکان، هەر کردارێکی ناپەروەردەییانەی حیزبیانە ڕەد دەکەینەوە کە بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامدراون و دەدرێت، وە پێشمانوایە وەزارەتی پەروەردە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ هەڵوێستی بەرپرسانەی مامۆستایانکرد بۆ تێپەڕاندنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ لە کۆتایدا هیوادارین بەرپرسانی پەروەردە تەنها یەك جار بە ئەرکی پەروەردەییانەی خۆیان هەستن و تەواوی فەرمانەکان هەڵوەشێننەوە و لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟ کە تەنها لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠٠ سێ هەزار مامۆستا بە نەهاتوو (غیاب) سزادراون، وێڕای گواستنەوەی زۆرەملێ کە ڕوویەکی دیکتاتۆریانەی پەروەردەی نیشانداین و لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێ کراوە بۆیە هیوادارین تا ٢٥/٤/٢٠٢٤ بڕیار لە هەڵوەشانەوەی سزاکان بدرێت و ئەو ڕێگا هەڵانە ڕاستبکرێنەوە کە بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران گیرانەبەر، بۆ ئەوەی ناچار نەبین فشارەکانمان دەستپێبکەینەوە و ئەو ماوە کەمەی خوێندن بێ گرفت تێپەڕ ببێت، چونکە دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان بە ساڵی داهاتوو ناسپێرین و پێویستە لەم ساڵدا نیگەرانیەکانی مامۆستایان کۆتاییان بێت.
 مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی ٤/٤/٢٠٢٤



PM:11:11:04/04/2024