مالکی: جەنگی جیهانی نزیکەو عێراق لێی دوورنییە


سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالکی، رایدەگەیەنێت " جەنگی جیهانی سێهەم نزیکەو عێراقیش لەو جەنگەوە دوور نییە".
 
ئەمڕۆ ٦ ی نیسان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، "جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت پەلدەهاوێت بۆ جەنگی جیهانیی سێیەم و لەحاڵەتی هەڵگیرسانیشیدا، عێراق لەو جەنگە بێبەریی نابێت".

لە درێژەی لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا، مالکی  وتی "ناوچەکە و جیهان لە جموجوڵی مەترسیداردا دەژین، ئێستاش ئێمە لە لێواری جەنگێکی کارەساتبارداین".

مالکی جەخت لەوەش دەکاتەوە "جیهان لەژێر ڕەحمەتی ئەو ململانێیانەدا دەژی و وڵاتەکەشمان بەدوور نییە لەو جەنگە پێشبینیکراوە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو پەرەسەندنەکانی شەڕی غەزە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێران لەم رۆژانەدا گورزێکی سەربازی ئاراستەی ئیسرائیل دەکات، ئەوەش پاش ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو مووشەکەکانی ئیسرائیل قونسڵی ئێرانیان لە دیمەشق کردە ئامانج و زیاتر لە ١٠ لێپرسراوی ئێران لە نێوانیان جێگری فەرماندەی سوپای قودس لە نێو کوژراوەکاندا بوو. 



PM:07:09:06/04/2024