کەسێک بە تۆمەتی دزینی ٣٠ ملیۆن دینار و نزیکەی حەوت هەزار دۆلار دەستگیر دەکرێت

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی دزینی ٣٠ ملیۆن دینارو ٦٨٠٠ دۆلار دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند" دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد کە لەماڵەکەیدا بڕی ٣٠ ملیۆن دینارو ٦٨٠٠ دۆلاری لێ دزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد".

ڕوونیشیکردەوە کە پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی ڕاپەرینی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دەستگیربکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە" توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕێک لەپارە دزراوەکەداو دوای ڕێکارە یاساییەکان و لەسەر بڕیاری دادوەر بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنرێتەوە".

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند" تۆمەتبار (ئـ، ت، س) لەدایکبووی ١٩٨٨ دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو ئێستا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٣ لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".


AM:09:20:07/04/2024