دوای ١٠ ساڵ عێراق بۆری نەوتی كەركوك- توركیا دەخاتەوەكار

دوای ١٠ ساڵ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراقەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە و دواتر كۆنتڕۆڵ كردنی كەركوك لەلایەن پێشمەرگەوە و پاراستنی لە دەستی داعش و هەناردەی نەوتی شارەكە لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە، لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری داوە بۆریە نەوتەكە بخاتەوەكار.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە زاری باسم محمد، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقەوە ڕایگەیاندووە" بەغدا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە، کە بەهۆیەوە لە کۆتایی ئەم مانگەوە ڕۆژانە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ تورکیا هەناردە دەكات".

ئەم هێڵە لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات تاوەکو جەیهان، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە داخراوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ڕکابەری ئەو بۆریە نەوتەی لە کوردستانەوە بۆ تورکیا ڕۆیشتووە و بەدرێژایی ساڵانی پێشوو نەوتی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی بە كەركوكیشەوە هەناردەی دەرەوە دەكرد تا ئەو كاتەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەدژی توركیا و هەرێم و لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم و بەهۆیەوە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا.

وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، بەغداد داواكارییەكی كوردی رەتكردوەتەوە بۆ پێدانی (٦) دۆلار بە كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی لەبەرامبەر تێپەڕبونی هەر بەرمیلێك نەوت بە بۆری نەوتی كوردستاندا، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تیمی دانوستانی كوردیان وتووه‌: رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای (روسنەفت) بە نایاسایی و پێشێلكردنی یاسا بەركارەكانی عێراق دەزانین.

ئاشكراشی كردووە، ئەم هەنگاوەی عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی نە بەغدا و نە هەرێمی کوردستان سوودمەند نەبن لەو نەوتەی، کە لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، بەڵكو بەرهەمهێنانی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمدا کاردەکەن لەو ئاستەدا بێت، کە تەنها بتوانن لە بازاڕە ناوخۆییەکان و پاڵاوگەکاندا بیفرۆشن و هەموو داهاتەکانیی بۆ كۆمپانیاكان دەبێت لەبەرئەوەی بەرهەمهێنان لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل زیاتر نابێت لە ڕۆژێکدا.


PM:04:51:08/04/2024