ناوەرۆکی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر مووچە و هەڵبژاردن و نەوت

جێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا زانیاری حکومەتی هەرێم لە وتارێکیدا باس لە پڕۆژەی ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەکات و دەڵێت" هەولێر و بەغداد لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ مانگی ئۆکتۆبەر و چەند پرسێکی دیکە ڕێککەوتوون". 

ئاسۆ حاجی نوسەر و ڕۆژنامەنووس وجێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (خاڵەکانی ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت" هەولێر و بەغداد لەسەر بەردەوامی ناردنی موچە و دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە، دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر ڕێککەوتوون". 

دەشڵێت" هەروەها ڕێککەوتون سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یۆنامی، هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغداد، ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان سکالاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات، هاوکات کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان و دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ زوو ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەسەرکردنیان". 

ئاسۆ حاجی لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا ڕاشیگەیاندووە" ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتەیە کە لە ماوەی ڕابردوو مەسرور بارزانی پەیڕەوی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی دیکە پرسی عێڕاق بخاتەوە سەر مێزی گرنگیدانی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکا کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی جدی و جێگای گرنگی پێدانی گەورە ئامادەیی هەیە، لە دوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماس ئەوە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا ڕوونبۆوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بەبایەخترین و هەستیارترین جوگرافیاییە و دەبێ لەسەر لیستی گرنگی پێدانیان بمێنێتەوە، پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستوری کوردستان کڕۆکی سەر لەنوێ گرنگیدانیان بێت».
تا ئێستا حکومەتی عێراق و یەکێتی هیچیان لە بارەی ئەم پڕۆژەیەوە رانەگەیاندووە. 



PM:08:34:08/04/2024