پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەو ژمارانەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دیاریکردن بۆ لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتین و بەبێ پارتیش ئەستەمە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" هیچ سەرکردە و کادیرێکی پارتی باسی ڕێگریکردنی لە هەڵبژاردن نەکردووە و کاتی خۆی سەرۆکی یەکێتی ئەو قسەیەی کرد، بەڵام واقیعێک هەیە گەر پارتی بەشداری نەکات ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەستەم دەبێت و ناتوانرێت بکرێت".
ئومێد خۆشناو دەشڵێت" پارتی تیبینی هەیە و ئەوەی کراوە کراسێکە بە باڵای خەڵکی تر دووراوە، ئەمەی ڕوودەدات دژایەتی پارتی نییە بەڵکو دژایەتی قەوارەی یاسایی و دەستوری هەرێمە، پارتی نەیوتووە ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەستەمە و ناتوانرێت پرۆسەیەکی کامڵ و سەرکەوتوو بێت".
لەبارەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و کاندیدەکان بە بێ پارتی، پارێزگاری هەولێر دەڵێت" ئەو ژمارانەی دانراون ژمارەی کاتین و حەقیقی نین، پارتی سوورە لەسەر تێبینییەکانی و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات، دەبێت لایەنەکانی تریش تێبینییەکانی پارتی بەهەند وەربگرن، چونکە ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین لە وادەی دیاریکراودا".