داهاتی عێراق ٨٩٪ لە رێگای نەوت‌و ١١٪ نانەوتییە

لە کاتێکدا نرخی نەوت بە شێوەیەکی گشتی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی نانەوتیشی لە ٥٪ ەوە بەرزکردۆتەوە بۆ ١١٪ و ئەو دوای کە ٨٩٪ داهاتی نەوتە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوی کردەوە، بەپێی خشتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی، کۆی داهاتی عێڕاق لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ١١ تریلۆن و ٥٢٧ ملیار و ٤٥٣ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار دینار بووە.

وردەکاری ئەم داهاتەش بەمشێوەیە بووە کە سەرجەم ئەو داهاتە بڕی ١٠ تریلۆن و ٢٧٥ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٤٦٠ هەزار دیناری داهاتی نەوتی بووە، بڕی یەک تریلۆن و ٢٦٦ ملیار و ٣٠٧ ملیۆن و ٩٥٦ هەزار دیناریش داهاتی نانەوتی بووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ١١٪، لەکاتێکدا، ساڵی رابردوو داهاتی نانەوتی تەنها ٥٪ بوو.



PM:03:25:09/04/2024