لێژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا و عێراق بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان کۆبوونەوە

لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا و عێراق بۆ گۆڕینی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كۆبووه‌وه‌ و رایانگەیاند" لیژنە لاوه‌كییه‌كان بەرپرسیارن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق".

یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند" لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا و عێراق بۆ گۆڕینی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، چوارەم کۆبوونەوەیان کرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا، لیژنە لاوه‌كییه‌كان بەرپرسیارن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق".

ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسانگاندن بۆ مەترسی و چالاکییەکانی داعش کراوە و هەردوولایه‌نی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی جەختییان لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی عێراق  کردووتەوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت" هەردوولا وتیان کاری لیژنەی لاوەکی بەردەوام دەبێت بۆ خستنەڕووی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ لیژنەی باڵای سەربازی و بەرزکردنەوەی راسپاردەکانیان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر خشتەی کاتی بۆ ئەوەی سرووشتی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق بگۆڕدرێت بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش ببێتەهۆی بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ئاساییشەکەی بەهێز بکات".
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە" هەردوولا هەروەها جەختیان لەسەر فراوانکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کردووەتەوە بە جۆرێک ئەو هاوئاهەنگییە ببێتەهۆی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا". 
 
هەروەها وتی" هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەسەر هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت داعش خۆی رێکبخاتەوە". جەختیشیان لە پاڵپشتیکردنی سەروەری، سەقامگیری و یەکگرتوویی عێراق کردوەتەوە. 
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد، یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی". 
 
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١ کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.
 
هەفتەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵا، لەنێویاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دەبن و لەسەر چەندین پرسی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن.



AM:12:11:10/04/2024