"گومانمان لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە هەیە"

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" گومانمان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و لە دوای پشووی جەژنیش ئەنجامەکان دەخەینەڕوو". 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ڕووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕە میلییەکانی شاری هەولێر ساڵانە دووباربۆتەوە، بەڵام لە ئاگرکەوتنەوەی ئەمجارەی بازاڕی لەنگەش گومانیان هەیە، بە ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە و چۆنییەتی ڕوودانی و کامێرای چاودێریش زۆر شت ئاشکرا دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان و تەواوبونی کارەکانیان، دەرئەنجامی هەموو ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت. 

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، دەست بە بنیادنانەوەی بازاڕەکە دەکەن و کاسبکارانی ئەو شوێنەش هەر تێبنییەکیان هەبێت وەردەگیرێت. 

بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی کۆنتڕۆڵکرا.


AM:09:42:10/04/2024