ئەمریکا ١١ کۆمپانیای خستە ناو لیستی رەشەوە

ئەمریکا ڕایگەیاند کە یازدە قەوارەی نوێ زیادکراون بۆ "لیستی ڕەشی هەناردەکردن"ی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا؛ لەوانە ٩ کۆمپانیای ڕووسی و چینی بەهۆی پەیوەندییان بە بەرنامەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا، هەروەها دابینکردنی چیپەکانی زیرەکی دەستکرد کە لە سوپای چیندا بەکاردەهێنرێن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە بڵاوکراوەی فەرمی حکومەتی فیدراڵی، کۆمپانیایەکی چینی لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە خراوەتە لیستی ڕەشەوە بەهۆی پاڵپشتیکردنی سوپای ڕووسیا لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کۆمپانیایەکی دیکەی چینیش وەک بەشێک لە تۆڕی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کۆمپانیایەک لە ئێران ، بە لیستی رەشی ئەمریکا زیادکرا.

هەروەها سێ دامەزراوەی ڕووسیاش بەشێکن لەو تۆڕە ئاماژەپێکراوەی کە ناوەکانیان بۆ لیستەکەش زیادکراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوە کراوە کە "ئەم پارچانە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زنجیرەی "شەهید" کەڵک وەردەگرن، کە کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت.

بوون لە لیستی ڕەشی هەناردەکردنی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا بەو مانایەیە کە ئەگەر کۆمپانیا و دابینکەران بیانەوێت کاڵا یان تەکنەلۆژیا بفرۆشن یان بگوازنەوە بۆ کۆمپانیا و کەسانی ناو ئەم لیستە، ئەوا لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە ڕەت دەکرێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆماری فیدراڵی، هەروەها تاکێک بە ناوی (مێهدی خاڵج ئەمیرحوسێنی) لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کۆمپانیایەک بە ناوی (خەلج) لەم وڵاتە بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی بە هەناردەکردن یان هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی ئەمریکی لە ڕێگەی ئیماراتەوە زیاد کراوە.

لە هەمان کاتدا چوار کۆمپانیای چینیش خراونەتە ناو "لیستی ڕەشی هەناردەکردن"ی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکاوە بەهۆی هەوڵدان بۆ دابینکردنی چیپی زیرەکی دەستکرد کە لەلایەن سوپای چینەوە بەکاردەهێنرێت.

بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەمریکا بە چین لە بواری تەکنەلۆژیای چیپی ئەلیکترۆنیدا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم دواییانەدا فەرمانێکی جێبەجێکاری دەرکرد کە وەبەرهێنان لە بواری نیمچە ڕێبەر و مایکرۆ ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیای کوانتەم و هەندێک سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە چین سنووردار دەکات.



PM:12:18:11/04/2024