مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات


مقاوەمەی ئیسلامی عێراق کە لە شەڕی غەزەوە پێکهێنراوەو دژی ئەمەریکاو ئیسرائیلە لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئەم دوایەی نێوان ئیسرایل و ئێران هەڕەشە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات.

مقاوەمەی ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی لە کاتێکدا هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئێران گورزێکی سەربازی بە‌هێز لە ئیسرائیل بوەشێنێت، لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " ئەمریکای تاوانبار رۆژ دوای رۆژ پشتیوانی و پاڵپشتییەکانی بۆ قەوارەی زایۆنیزم زیاتر دەکات. ئێمەش بەرپرسیارێتی تەواو دەخەینە ئەستۆی ئەمریکا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر گەمژەییەکی هێزەکانی یان هێزەکانی قەوارەی زایۆنیزم لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر. هۆشدارییان پێ دەدەین، لە هەر شوێنێک دەستمان پێیان بگات وەڵامی راستەوخۆمان دەبێت." 

هەروەها دەشڵێت" گۆڕینی بەردەوامیی ناو و ناونیشانی داگیرکاریی ئەمریکی و ناساندنی بە هاوپەیمان و هاوبەشی بەردەوامی ئەمنی و هەر ناوێکی دیکە هیچ بەهایەکی نییە. ئەوان تاوەکو ئێستا هێزە داگیرکارەکانیان لەسەر جەستەی برینداری عێراق دەمێننەوە و سەروەرییەکانی و ئاسمانی پێشێل دەکەن؛ هەروەها کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر بڕیارە ئەمنییەکانییدا هەیە، وەک چۆن هەژموونی بەسەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و جومگە سەرەکییەکانی هێزە ئەمنییەکانی هەیە".
 
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەشڵێت، "داگیرکاران بەوەش نەوەستاون، بەڵکو ژمارەی هێزە داگیرکارەکانیان زیاتر کردووە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نیازی کشانەوەیان لەم نیشتمانەدا نییە".
 
ئەو گرووپە چەکدارە هەروەها دەڵێت، "ئەمریکای تاوانبار رۆژ دوای رۆژ پشتیوانی و پاڵپشتییەکانی بۆ قەوارەی زایۆنیزم زیاتر دەکات. ئێمەش بەرپرسیارێتی تەواو دەخەینە ئەستۆی ئەمریکا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر گەمژەییەکی هێزەکانی یان هێزەکانی قەوارەی زایۆنیزم لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر. هۆشدارییان پێ دەدەین، لە هەر شوێنێک دەستمان پێیان بگات وەڵامی راستەوخۆمان دەبێت." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە ناوچەکە لە بارگرژییەکی گەورەدا دەژی بەبۆنەی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆسەر قونسڵی ئێران لە سوریاو، ناوچەکە لە چاوەڕوانی وەڵامدانەی سەربازی ئێراندا، ئەم گرووپانەش بەشێکن لە هاوپەیمانی ئێران و بەرپرسن لە زیاتر لە نزیکی ١٦٠ هێرش دژی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. 



PM:08:19:12/04/2024