بەپێی رۆژ ژمێری هەرێمی کوردستان رۆژی چوار شەمممە ١٧ ی نیسان کە بە چوار شەمبەی سۆر ناسراوە پشووی فەرمییە لەسەرتاسەری هەرێمدا.
چوار شەمبەی سۆر سەری ساڵی ئێزدییەكانە و بەدەستپێكی ساڵێكی نوێ ئەژمار دەكرێتو بەو بۆنەیەوە ئێزدییەكان ماڵەكانیان بە گوڵاڵە سورە دەڕازێننەوەو خواردن بەسەر هەژاراندا دابەش دەكەن.
ئەوەی لەبارەی ئەو جەژنەوە زانراوە ئەوەیە ئێزدییەکان هەڵدەستن بە پیرۆزکردنی ئەو جەژنە لەیەکتری بەوەی کە زەوی ناکێڵن و دارنابڕنەوەو هاوسەرگیری ناکەن لەمانگی نیساندا، بۆ هەریەکێک لەو قەدەغەکراوانە بەپێی (میسۆلۆژیای) ئێزدییەكان شیکردنەوەو شرۆڤەی جیاواز هەیە. ئێزدییەكان باوەڕیان وایە کە ئایینەکەیان کۆنترین ئایینەو سروشتی جەژنەکانیان هەموو پابەندە بەسروشت و ( ئاو و هەوا و رۆژ و ئاخ –خاك-) ەوە.
خێزانە ئێزدییەكان لەمانگی نیساندا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ جەژنی سەری ساڵ،کە شەوی سێ شەممەی یەکەمین هەفتەی مانگی نیسان دەکات، لەوشەوەدا کە بۆبەیانی چوارشەممەیە ئەم جەژنە ئەنجام دەدەن، خەریکی خۆئامادەکردنن بە دروستکردنی کولێرە بەرۆن چەور دەکەن پێش ئەوەی بی برژێنن و بەسەر خێزانەکان و هەژاراندا دابەشی دەکەن و دەیبەن بۆ سەر قەبری مردووەکانیان، ئەو کولێرەیەش ناوی (ساوکە)یە، هەروەها لەرۆژی سێ شەممەدا هەموو خێزانێک چەپکێک گوڵی نیسان کەپێی دەڵێن براکانی نەعمان، لەگەڵ هێلکەی ڕەنگکراو لەبەردەم ماڵەکانیاندا دایدەنێن و سیمایەکی جوان دەبەخشێت و نیشانەی خۆشی دەربڕینیانە، ئەوەش بەمانای هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە، لەگەڵ سەردانی کردنی گۆری مردووان لەڕۆژی چوارشەممەدا سەردانی کردنی ماڵەکان بەبۆنەی چەژنی سەری ساڵ و دەرووڕینی خۆشیی بۆ یەكتریی.
پیری ئێزدییەكان بەرلەمانگی نیسان کەمێک خۆڵ دەهێنێت بۆ پەرستگای لالش، لەبەر ئەوەی لەمانگی نیساندا حەرامە زەوی هەڵبکۆڵن ئەو خۆڵەش بۆئەوەیە دەیکەن بەقوڕ بە هێلکە و چەپکە گوڵی براکانی نعمان و هێلکە ڕەنگراوەکانی پێی هەڵدەواسن، هەروەها ئافرەتانی مەڕ دۆشیش دەچن بۆ لای شوانەکان بۆ جەژنە پیرۆزی و خواردنیان بۆ دەبەن گۆپاڵی کۆنەکانیان دەشکێنن و گۆپاڵی نوێیان پێ دەدەن، شوانەکانیش رێگا بە بەرخەکانیان دەدەن بە ئازادی بچن بۆ لای دایكیان تاکو تێر و پڕ شیر بخۆن بە بۆنەی ساڵی نوێ.وە، بەوەش نەك هەر مرۆڤ بەڵكو گیاندارەكانیش لەو رۆژەدا خۆشی دەبینن.
لەگەڵ ئەوەی ئەم كارانە لە رۆژدا ئەنجام دەدرێت لەوشەوەدا رێوڕەسمی ئایینی تایبەت لەپەرستگای لالش لەلایەن بابەشێخی ئێزیدییەکان سازدەکرێت و جەژنە پیرۆزە دەکرێت.
شوێن کەوتوانی ئایینی ئێزیدی بەپێی سەر ژمێرێکی نافەرمی نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبن لە هەرێمی کوردستان بە سەر هەردوو پارێزگای دهۆک و موسڵ دابەشبوون لەگەڵ چەند شارێکی تری کەزۆرینەیان کوردن .، بەڵام لە شەڕی داعشدا لە ساڵی ٢٠١٤دا بە دەیان هەزارکەسیان کوژراون و ئاوارەبوون و چوونە هەندەران.
جگە لە عێراق هەروەها لەتورکیا، سوریا ، روسیا، ئازەرباینجان، ئەرمینیا، جۆرجیا هەن و ڕەوەندێکیشیان لە ئەوروپادا بوونیان هەیە، بەتایبەتی لەدوای هێرشی داعش بۆ سەرناوچەكانیان و تا ئێستاش ناوچەكانیان وەك پێویست ئاوەدان نەكراوەتەوەو ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكان و شارەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوەیان كردووە.
بەهۆی ئەوەی ئێزدییەكان كە لە مێژوویاندا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە.
ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن.
لە ساڵی ٢٠١٣ دا و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان رۆژی جەژنی چوارشەممەی سوری ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان كرایە پشوو، بەو هۆیەوە لە خوێندنگاو فەرمانگە حكومییەكان، پشوو دەبێت.