ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان سودانی و بلینکن بڵاوکرایەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نوێنەرایەتی نەخشە ڕێگایەک دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا". 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە میانی دیدارەکەدا هەوڵەکان بۆ دانانی بناغەی پەیوەندییە هاوبەشە درێژخایەنەکان و چالاککردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمەڵێک لایەنی ئابووری و هەلی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوتوێکران، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی دوولایەنە سەبارەت بە زۆرێک لە پرسەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نوێنەرایەتی نەخشە ڕێگایەک دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.

ئەوەش هاتووە" لای خۆیەوە بلینکن پێشوازی لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و جەختی لە پاڵپشتی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ هەڵوێستەکانی عێراق لە ناوچەکە کردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە پاڵپشتی بوونی عێراقێکی بەهێز و دیموکراسی دەکات، کە پاڵپشتی هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەی و نێودەوڵەتی دەکات". 

بلینکن ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن پاڵپشتی هەنگاوەکانی پەرەپێدان و چاکسازی عێراق دەکات، هەروەها ڕەوتی وەبەرهێنانی غاز و پەرەپێدانی کەرتی وزە و ژێرخانی، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم سەردانە ببێتە هۆی هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو وڵات.


PM:07:07:15/04/2024