خالید شوانی: رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک لە قۆناغی کۆتایدایە

وەزیری دادی عێراق، خالید شوانی ڕایگەیاند" هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئیدارەی داهاتووی كەركووك و دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن، لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە لە قۆناغی كۆتاییدایە".

ئەمڕۆ چوار شەممە لە دیداری سلێمانی، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق کە لەسەر پشکی یەکێتی یە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکەوە کە بۆتە گرێکوێرە وتی" هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە لە قۆناغی كۆتاییدایەو بە گەڕانەوەی سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمریكا و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك، پۆستەكان یەكلایی دەکرێتەوە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا خالید شوانی وتیشی" پێم وایە تا كۆتایی ئەم مانگە یان لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم پرسە كۆتایی پێدێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێككەوتنی كۆتایی زۆر نزیك بووینەتەوە".

"وەك یەکێتی پۆستی پارێزگاری كەركووك بە هەقی كورد دەزانین و لە ناو كوردیشدا بە هەقی یەنەكەی دەزانین، بۆ ئەم مەبەستە لە دانووستانداین لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەدا".( بە گوێرەی قسەکانی خالید شوانی). 

لە کۆتایی ساڵێ پاردا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامدرا بەبێ پارێزگاکانی هەرێم، لە کۆی ١٥ پارێزگار، تەنها هەردوو پارێزگای كەركوك و دیالە بەهۆی ململانێی سیاسییەوە نەیان توانیووە ڕێكبكەون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایانە.

ئەم دووەمجارە لەم هەفتەیەدا خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لێدوان لە بارەی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی لایەنەکانی کەرکوک دەکات لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان.



PM:10:46:17/04/2024