بەهۆی رژانی نەوتەوە رێگەیەکی (کۆیە - دوکان) داخرا

ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی رژانی نەوتی رەش، رێگەی دەشتی کۆیە (کلکە سماق) داخرا.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری تانکەر تایبەت بە گواستنەوەی سووتەمەنی بەهۆی کرانەوەی قوفڵی بەتاڵکردن رێژەیەکی زۆر نەوتی رەشی رژاندە سەر رێگای کلکە سماق، لە ئەنجامدا بووە هۆی داخستنی رێگاکە". 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەسکردووە، لە ئێستاشدا تیمەکانی هاتووچۆی کۆیە و بەرگری شارستانی سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگاکەن و دوای پاککردنەوە و شوشتنی رێگاکە دووبارە بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.

هاتووچۆی هەولێر لە کۆتایی ئاگادارییەکەیدا دواش لە شۆفێران دەکات رێگای سماقوڵی یان هەیبەت سوڵتان بەکاربهێنن. 


PM:01:40:20/04/2024