فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانی دەردەچێت

لەسەر کێشەی " گەندەڵی " فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانی ( ع. ن. ح) دەرچووەو تا ئیستا دەستگیر نەکراوە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە کە دەست ( ماڵپەڕی سپی) کەوتووە و بەرواری ١٢/١١/٢٠٢٣ ی لەسەرەو واژووی نوزاد عەلی کەریم سەرۆکی ئەنجومەنی لێکۆڵێنەوەی پێوەیە، بەهۆی تۆمارکردنی ژمارەیەک ئۆتۆمبیل بە مەنەفێستی ساختەی گومرگی ( ام قەسر) هەروەها تۆمارکردنی دەیان ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی ( درع) ی بێ سەرەتا و خوار  مۆدێلی پێچەوانەی ڕێنوماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدا ناوبراو ( ع.ن.ح) بەرێوەبەری بەشی تۆماربووەو وەرنەگرتنی رسوماتی یاسایی پێویست لە ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبیلانە کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە داهاتی گشتی".

هەروەها لەو نوسراوە فەرمییەدا هاتووە " بەپێی مادەی ٣٣١  لەیاسای سزاکانی عێراق ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ ی هەموارکراو، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی هەمانە بەپێی مادەی ٨ی برگەی دووەم، لە یاسایی بنەماکانی دادگایی گردنی سزایی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ( ١٧) ی ساڵی ٢٠٠٨ ، بڕیارماندا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عەمیدی پۆلیس/ ع.ن.ح)". 

 
جگە لەوەی ئەم بڕیارە لە مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە دەرچووەو بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هاتوچۆ کە تۆمەتبارە چەند سەردانێکی دەرەوەی عێراقی کردووەو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.

بەڵگەی دەستگیرکردنەکە..




PM:09:49:20/04/2024