سنە.. مامۆستایەکی زمانی کوردی بە ١١ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت

مامۆستایەکی زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوە بۆ شاری کرماشان سزا درا.

بە گوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆما پوورمەحەممەدی لە چالاکانی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "درووستکردنی کۆمەڵە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان سزا درا.

هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەش بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

سۆما پوورمەحەممەدی تەمەن ٣٥ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٢) لە کاتێکدا کە بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی بەناوی ئیدریس مێنبەری سەردانی دادگای کردبوو دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازاد کرا.



AM:10:09:21/04/2024