بەپێی بەڵگەیەکی نوێ گشتاندن بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی هاتوچۆی سلێمانی دەرچووە


بەڕێوەبەری ئێستای هاتوچۆی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێش خۆی دەردەکات گشتاندن بۆ فەرمانگەکان دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی هەرێم بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بە " ئەنجامدانی کاری گەندەڵی " تۆمەتبار کردبوو.

بەپێی نوسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بەشی یاسایی کە ژمارە ١٠٤٧٧ ی لەسەرەو بەرواری ٧/٤/٢٠٢٤ دەرچووەو، واژۆی عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی لەسەرەو ئاراستەی فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی کردووە، جەخت لەسەر دەستگیرکردنی عەمید( ع. ن . ح) دەکاتەوە. 

دوێنێ ماڵپەڕی " سپی " وەک یەکەم ماڵپەڕ هەواڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بە بەڵگەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو" بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە کە دەست ( ماڵپەڕی سپی) کەوتووە و بەرواری ١٢/١١/٢٠٢٣ ی لەسەرەو واژووی نوزاد عەلی کەریم سەرۆکی ئەنجومەنی لێکۆڵێنەوەی پێوەیە، بەهۆی تۆمارکردنی ژمارەیەک ئۆتۆمبیل بە مەنەفێستی ساختەی گومرگی ( ام قەسر) هەروەها تۆمارکردنی دەیان ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی ( درع) ی بێ سەرەتا و خوار  مۆدێلی پێچەوانەی ڕێنوماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدا ناوبراو ( ع.ن.ح) بەرێوەبەری بەشی تۆماربووەو وەرنەگرتنی رسوماتی یاسایی پێویست لە ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبیلانە کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە داهاتی گشتی". 
هەروەها لەو نوسراوە فەرمییەدا هاتووە " بەپێی مادەی ٣٣١  لەیاسای سزاکانی عێراق ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ ی هەموارکراو، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی هەمانە بەپێی مادەی ٨ی برگەی دووەم، لە یاسایی بنەماکانی دادگایی گردنی سزایی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ( ١٧) ی ساڵی ٢٠٠٨ ، بڕیارماندا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عەمیدی پۆلیس/ ع.ن.ح)". 
لەم لینکەوە هەواڵەکەی دوێنێ سپی ببینە..

بەڵگە نوێکەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی کە گشتاندن بۆ بەڕێوەبەری فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بەڕێوەبەری پێشوو دەکات..



PM:06:17:21/04/2024