بەهۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردییەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرۆکی یانەی دهۆک دەستگیردەکەن

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک ڕایدەگەیەنێت" دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڕێوبەری یانەکەمانی دەستگیرکردووە و ڕێگریان لێکردووە بەشداری یارییەکی ناو خولی تۆپی پێی تورکیا بکات". 

شڤان ئەتروشی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" د. عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک ویستویەتی لە یاریگای تیپەکەی ئامەدسپۆر لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، لەناو خولی پلە یەکەکانی تورکیا، ئامادەی یارییەک بێت بۆ تیپی ئامەدسپۆر، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دەستگیریانکردووە و ڕێگریان لێکردووە بچێتە ناو یاریگاکەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی یانەی دهۆک جلوبەرگی نەریتی کوردی لەبەردا بوو، هەربۆیە ڕێگری لێکرا بەشداری یارییەکە بکات، بەڵام دواتر بە هەوڵی سەرۆكی شارەوانی دیاربەکر ئازادكراوە و رێگەی پێدراوە بچێتە یاریگاكە.


PM:09:15:21/04/2024