مەسعود بارزانی و ئەردۆغان کۆبوونەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و کۆبوونەوە. 

سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ هەرێم، ئەمشەو دووشەممە لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە کە هەردوولا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد. 

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا گفتوگۆمان دەربارەی رێچکە بەردەوامەکانی هەماهەنگی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و تورکیا کرد". 

هەروەها لای خۆشیەوە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە" لە کۆبوونەوەکەدا سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا بە گرنگ و مێژووی و فاکتەری گەشەپێدان و ئارامی وەسفکرا، هەروەها جەخت لە بەرەوپێشچوون و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەویش لەپێناو پتەوتربوونی سەقامگیریی هەرێمایەتی و هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان و قووڵترکردنی بنەماکانی دراوسێتی و برەودانی پەیوەندییە ئابوورییەکان". 

ئێوارەی ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد گەیشتە هەولێر لەوێ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بەشێکی وەزیرەکانی هەرێم پێشوازی لێکرا.


PM:10:39:22/04/2024