"داوام کرد پێداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی سلێمانیدا بکرێت"

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەردۆغان داوام كرد ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا بكرێتەوە"، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، سەرۆکی تورکیا زۆر بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانی داوەتەوە. 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، کەمێک پێش ئێستا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەشداربووم لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و وەفدی یاوەریان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا كردووە، پێداچوونەوە بكەن بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی کۆبوونەوەکەدا زۆر بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانی داوەتەوە و جەختیکردوەتەوە کە" لە لایەن سلێمانییەوە دوژمانەیەتیان لەگەڵدا دەکرێت و بۆتە پێگەی پەکەکە کە دوژمنی ئێمەیە". 

لە ڕۆژی ٣ی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بە ڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داخست، هەروەها لە کۆتایی ساڵی رابردووشدا راگرتنی گەشتەکانی تا ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژکردەوە. 


PM:12:05:23/04/2024