"ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردن زیانی گەورەیان لێداوین"

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیانی گەورەیان لە هەرێم داوە". 

دڵشاد شەهاب وتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت". 

وتیشی" ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنەکان، ئەمەش ڕێبازێک بوو کە سەرۆکایەتی هەرێم هەمیشە گرتویەتیەبەر، هەروەها هەموو ئەو هەنگاوانەی کە گیراوەتەبەر سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن بە ڕاوێژ لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان کراوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردن پرسێکی یاسایی، سیاسیی و دەستوورییە و ئێمە لە بۆشاییەکی یاساداناندا دەژین و پەرلەمان کارا نییە.

دڵشاد شەهاب ڕاشیگەیاند" بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن هەبوون، زیانێکی زۆرمان بەرکەوت و کاتی هاتووە هەموومان کۆمەڵێک شت وەلا بنێین و بوونی پەرلەمانێک گرنگتر بێت لە هەر پرسێکی تر".


PM:12:08:24/04/2024