هەرێم کەمال ئاغا: ئاسایشی گشتی تاوان‌و ناوزڕاندنی ئەنجامداوە

‌وێنەکە هەرێمی کەمال ئاغاو کوژراوەکەیە
لە بارەی ئەو کەسەی دوێنێ شەو لە هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، هەرێمی کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی دەڵێت" ئاسایشی گشتی تاوان‌و ناوزڕاندنی ئەنجامداوەو قابیلی قبوڵ نییە".

دوێنێ شەو لە هەولێر وەک ئاسایشی رایگەیاند بە تۆمەتی " مادەی هۆشبەر " لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەسێک بەناوی "خەسرەو ئەمیر ئاغاگردەچاڵی" کوژراو کەسێکی کەش بەبرینداری دەستگیرکرا، لە میدیاکانیشدا بەو شێوەیە بڵاوکرایە کە کوژراوەکە خزمی هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی عێراق، ناوبراو وەڵامی ئاسایشی گشتی دەداتەوەو سەرلەبەری  زانیارییەکانیی ئاسایش بە ناڕاست ناوزەد دەکات.

ئەمە دەقی روونکردنەوەکەی هەرێم کەمال ئاغایە:

 هەرێم كەمال ئاغا: ئەو کەسەی لەدەستەی پاسەوانەکانی من کوژراوە لەسەر مادەی هۆشبەرجێگای گومانە

وڵامێك بۆ بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێرو بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان لەلایەن 

هەرێم كەمال ئاغا:

بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان ڕوونی دەکەینەوە کە روداوەكەی دوێنی ٤/٢٣ كەوا بڵاوكراوەتەوە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر رووبەرووی ئاسایش بوونەتەوە لە ئجامدا یەكێكیان كوژراوە و ئەوەی تریان دەستگیر كراوە .
بێگومان سەرلەبەری ئەم تۆمەتانە دوورن لە راستی و جێگای گومانیشە ، بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێكی گرنگ دروست دەبێت دەمانەوێت وەڵامەكەی بۆ خانەوادەكەیی و ڕای گشتی روونبكرێتەوە . 
١ـ كەسی بەناحەق كوژراو بەناوی خەسرۆ ئەمیر كارمەندی پۆلیسی بەرێوبەرایەتی پاسەوانیەكانە ، ئایا بەرێوبەرایەتیەكەی ئاگاداركراوەتەوە لە سەر تۆمەتباربوون و داواكردنی لەلایان دادگا ؟ بێگومان نەخێر .
٢- ئایا ڕۆژێك براكەی بەناوی كارەسوڵ ئەمیر كەئەفسەرە بە پلەی عمید لە یەكەی هەشتای وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار كراوەتەوە كە براكەی داواكراوە لەلایان دادگا ؟ بێگومان نەخێر .
٣- ئایا رۆژێك لە رۆژان چوونەتە سەر ماڵی كوژراو خۆی رادەست نەكردبێت ، لە گەڵ ئەوەی شوێنەكەی دیار و لەخانەوادەیەكی دیارە؟
بێگومان نەخێر .
٤- ئایا من كە بەرپرسی ئەوم و لەدەستەی پاسەوانی من پاسەوانە ، ئایا رۆژێك لە رۆژان ئاگادار كراومەتەوە لە سەر تۆمەتبار بوون و داواكردنی لە لایەن دادگا ، لەگەڵ ئەوەی لە نزیكەوە دەم ناسن ؟ بێگومان نەخێر .
٥- ئایا ئەوكەسەی كە دەستگیركراوە بەناوی میللەت بەرواری كەكارمەندی دژەتیرۆی عیراقە چۆن لە دهۆكەوە هاتووە بۆ هەولێر ئەگەر داواكراو بێت ؟
یان بۆ هەر لە دهۆك لە ماڵەكەی خۆی دەستگیر نەكراوە ؟
لێرەدا بەشێوەیەكی گشتی جیا لە ئەنجام دانی ئەم تاوانە و ناوزراندنیان بەبازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تاوانێكی ترە ، كە بەهیچ شێوەیەك ئەم كارە قێزەونە لە لای ئێمە رێگە پێدراو نیە .
بۆیە لێرەدا داوا لە بەڕێزان سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ دەكەین لێژنەیەكی بێلایەن پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە لەپێناو رونكردنەوەو دەرخستنی راستیەكان بۆ رای گشتی و سزادانی تاوانباران .



PM:06:15:24/04/2024