لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان ٢٥ چەکداری داعش دەستگیردەکرێن

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیرکردنی (٢٥) چەکداری داعشیان ڕاگەیاند. 

‌هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هەژماری تایبەت بە خۆیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" درەنگانی شەوی ڕابردوو، دەزگای ئاسایشی گشتی هەڵمەتێکی بۆسەر شانە نووستوەکانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل ئەنجامدا". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە ئۆپراسیۆنەکەدا ٢٥ چەکداری داعش دەستگیرکراون کە یەکێکیان ژنە و ئەو گرووپە بەسەر پێنج شانەی مەترسییداردا دابەشبوون و چاودێری هێزەکانمانیان دەکرد و ئامادەکارییان کردبوو بۆ ئەوەی هەڵکوتنە سەر خاڵە سەربازییەکانمان و تیمەکانی ئاسایش بکەنە ئامانج". 

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ٥٦ هەزار و ١٥٤ کەسی تێدایە کە ٢٩ هەزار و ١٤٢ پەنابەری عێراقی و ١٨ هەزار و ٩٠٣ ئاوارەی سووریا و هەشت هەزار و ١٠٩ ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن. 


PM:05:23:25/04/2024