بارزانی: بەبێ ڕاستكردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی بەشداری هەڵبژاردن ناکەین

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكان رایگەیاند" بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەین". 

بارەگای بارزانی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٤ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکە پاتریاك مارئاوای سێیەم سوپاسی بارزانی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووری دادگای فیدراڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و ڕایگەیاند، هەڵوێستی مەسعود بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤ دۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوە ژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق". 

هەر لەو کۆبونەوەیە مەسعود بارزانی وتی" بەبێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی دادگای فیدڕاڵی و بەبێ بەشداری پێكهاتەكان ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردن بكەن، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلی کوردستان". 

بڕیارە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام حزبی پارتی بەهۆی نەمانی کورسی کۆتاکان بڕیاری نەداوە بەشداری لە پرۆسەکە بکات.


PM:06:41:25/04/2024