زانیاری نوێ لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێم ڕاگەیەندرا

بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت" بەغداد لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت". 

فازڵ نەبی بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی (کەی ئێن ئێن)ی راگەیاندووە" چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی یەکشەممە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆتایی بێت و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەی موچە بنێردرێت، چونکە ناردنی موچەی ئەم مانگە تەنیا کۆمەڵێک رێکاری ئیداری ماوە". 

وتیشی" وەزارەتی دارایی عێراق فشارێکی زۆری لەسەرە بەهۆی ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین نەکراوە و هێشتا پارەش دەنێرێت، بۆیە بە نوسراوێک داوای کردوە پەلە بکرێت لە پرۆسەی تەوتین ئەگەرنا لە مانگەکانی داهاتوو گرفت بۆ ناردنی موچە دروست دەبێت". 

فازڵ نەبی دەشڵێت" هیچ کێشەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند نابێتە هۆی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا بابەتی تەوتین نەبێت، مەرجیش نییە پرۆسەی تەوتین تەواو ببێت، تەنیا پرۆسەکە دەستیپێبکرێت گرفتەکانی بەردەم موچە چارەسەر دەبن". 


PM:05:01:26/04/2024