پەرواز حسێن تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاند

گۆرانیبێژی ناسراوی کورد پەرواز حسێن کەمێک پێش ئێستا لە پۆستێکیدا هەواڵی تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی شێرپەنجە بڵاوکردەوە. 

پەرواز پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند"هەمیشە بە قەدەری خوا ڕازیم کە چیم بۆدادەنێت، لەگەڵ (شێرپەنچەى ڕیخۆڵە) دەجەنگم کە ویستی خوای لەسەر بێت، خوا منی هەڵبژارد کە ئەو نەخۆشیەم هەبێت، بە هەر هۆکارێک تووشی ئەو نەخۆشیە بووم قبوڵمە، دوعاى خێرمان بۆ بکەن، خوای گەورە پارێزراوتان بکات". 

هەروەها پەرواز لە ستۆری خۆیەوە ڕایگەیاندووە" كە بەڵایەك، ناخۆشییەك، نەخۆشی توشت دەبێت، دەبێت هەمیشە سوپاسگوزار بین، چونكە خودای گەورە بۆی هێناوین، بەڵام لە بیرت بێت دنیا دەورانە، رۆژێك لە منە و رۆژێك لە تۆیە، هەربۆیە كە بینیتان كەسێك نەخۆشە، نزای خێری بۆ بكەن، چونكە مرۆڤایەتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە". 

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا پەرواز حسێن کوردستانی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەر بۆ نەخۆشیەکەی وەردەگرێت و بەهۆیەوە بۆماوەیەک سەرجەم کارە هونەرییەکانی ڕادەگرێت. 

پەرواز حسێن لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری رانیە لە دایکبووە، ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند (گۆران ساڵح) کردووە و لە ئێستادا خاوەنی دوو کچن بە ناوەکانی (گلێنە و گۆنا)، پەرواز ساڵی ٢٠١٣ لە کێبرکێی عەرەب ئایدڵدا وەک کچە گۆرانیبێژێکی کورد ناوبانگێکی باشی دەرکرد، لە ئێستاشدا خاوەنی چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ کلیپە بە زمانی کوردی و عەرەبی.


PM:12:03:15/05/2024