حزبەكەی مالكی هەڵوێستی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێم ڕاگەیاند

پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری وەلائی دادگای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانە نەك دواخستنی هەڵبژاردن و دەشڵێت" دەبێت لەوادەی خۆیدا بكرێت".

حەیدەر لامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتنی تۆماری كیانە سیاسییەكان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانای دواخستنی هەڵبژاردن نییە.

ڕاشیگەیاندووە" هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە وادەی خۆیدا، كە ١٠ی حوزەیرانە بەڕێوەدەچێت و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش تەنها بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكان".

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان جووڵەكانی بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنە لەپێناو گەڕانەوە بۆ ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن، چونكە حكومەتی هەرێم حكومەتی كاربەڕێكەرە و دەبێت بەزووترین كات بگۆڕدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی" سەرجەم حزبە كوردییەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لەوادەی خۆیدا جگە لە پارتی دیموكرات، كە موناوەرە دەكات لەپێناو بەرژەوەندی حزبی".

دادگای فیدراڵی لە ٧ی ئایار بڕیارێکی دەرکرد، کە بریتی بوو لە دەرکردنی فەرمانی وەلائی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی مادەی (٢)ی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، كە ئەمەش وادەكات هەڵبژاردنەکان نەتوانرێت لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت بەهۆی گرنگی ئەو مادەیەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە، تێیدا هاتووە کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٠٠ کورسی پێکبێت کە بەسەر ٤ ناوەندی هەڵبژاردندا دابەشکراوە.


PM:08:30:15/05/2024