کۆبوونەوەی شارەوانی سلێمانی و دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت ‌و موڵکی سلێمانی شکستی خوارد

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دژی تێکدان و ڕووخاندنی شاخی گۆیژە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجوومەن و سەرۆکی شارەوانی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند"کۆبوونەوەکە شکستی خوارد". 

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٤ دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و کە داواکاری گشتیش ئامادەبوون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" ئەمڕۆ لەسەر پرسی شاخی گویژە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کە داواکاری گشتی و ئەندامێکی داواکاری گشتی ئامادە بوون دوو کاتژمێر و نیو کۆبووینەوە، بەلآم نەیگیشتینە هیچ ئەنجامێک".

شوان محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە بۆ دەستەکە ئامادەکرابوو ئاماژەی بەوە کرد کە شارەوانی پێیڕاگەیاندین؛ کە پرۆژەکە بەردەوام دەبێت و ئەوان بەپێی یاسا کاردەکەن، دەستەی داکۆکیکاریش سوربوونی خۆیان لەسەر راگرتنی پرۆژەکە و دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە کردەوە بۆ هەموو ئەو پێشێلکرایانەی  کراون لەسەر ماستەر پلان و ژینگەی چیای گۆیژە.  
".


دەقی یاداشتەکەی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بەمشێوەیەیە: 

زیادەڕەوییەکانی سەر ماستەرپلانی شاری سلێمانی 

یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی و ئەنجومەنەکەی و هەروەها نەخشەدانانی ئاوەدانیی، جێبەجێکردنی کتومتی ماستەرپلانە وەک خۆی، بێ زیاد و کەم. بەو واتایەی، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە، بە هەر بیانوویەک بێت، دەستکاریی بەکارهێنانەکانی زەویی ناو ماستەرپلەنەکە بکات. هاوکات بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەیانە،بە ڕێگریکردن لە هەر زیادەڕەوییەک بکرێتەسەر ماستەرپلانەکە. ئەو زیادەڕەوییانە وەکو: دروستبوونی گەشەی هەڕەمەکیی و دروستبوونی ناوچەی نیشتەجێی نایاسایی (تجاوز)، یان گۆڕینی جۆری بەکارهێنانی زەویی، لە شێوەی گۆڕینی ناوچەی سەوزایی و دارستان بە ناوچەی نیشتەجێکردن یان بازرگانیی، هەروەها پووکانەوەی ناوچە کەلەپوورییەکانی ناوجەرگەی شار. یاخود بەکارهێنانی ناوچە کراوە و گشتییەکان بۆ مەبەستی تایبەتیی هاوشێوەی بەکارهێنانی بەشێک لە شەقام و شۆستەکان بۆ بازرگانیکردن یان باخچە لە بەردەم خانووەکاندا یان هێنانەدەرەوەی قادرمە و گەراج بۆ سەر شۆستە. هەروەها دەستکاریکردنی ناوچەکانی ناو ماستەرپلانەکە بەبێ ئەوەی لە ڕاپۆرتی ماستەرپلانەکە باسکرا بێت.  

پاش دەستپێکردنی ماستەرپلانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٧، لە لایەن کۆمپانیای تزیوبلنی ئەڵمانیی و ICGO بە بڕی ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار و هەروەها ڕاستاندن-Approveی ماستەرپلانەکە لە ساڵی ٢٠١٢دابۆئەوەی تا ساڵی ٢٠٣٩ و دوای ساڵی ٢٠٣٩ بەکاربێت،هەموو ئەو پێشێلکارییانە لە ماستەرپلانەکەدا بە ئاشکرا و بە پشتگیریی و هەماهەنگیی لەگەڵ نەخشەدانانی ئاوەدانیی و ئەنجومەنی شاەوانیی بەڕێوەچووە.لە کاتێکدا دەبوو ساڵانە، لێکۆڵینەوە بۆ بڕی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە، کێشە و ئاریشەکانی ئەو ساڵە، ڕاپۆرتی تەواوکردنی هەر قۆناغێک، بە ڕاپۆرتی زانستیی تایبەت بەردەست بووایە. بەو واتایەی ئێستا، پێویستە ١٢ ڕاپۆرت لە بەردەستی ئەنجومەنی شارەوانیدا هەبێت. هەروەها بەدواداچووون بۆ ئامادەکردنی نەخشەی سێکتەریی بۆ ناوچەکان بەپێی قۆناغەکان کرا بێت. تاوەکو ماستەرپلانەکەبە دروستیی جێبەجێ بکرایە. ڕاستییەکەی کردەی بڕیاردانبەم شێوە زانستییە بەڕێوەدەچێت نەوەک تەنها بەدەست هەڵبڕین و بەڵێکردنێکی سادە بەدەر لە بەڵگەسازیی و لێکۆڵینەوەی زانستیی و ڕەچاوکردنی پێودانگی پلانسازیی Planning Standard، ماستەرپلانەکە پێشێل بکرێت. سەرەنجام چارەنووس و پاشەڕۆژی شارەکە بۆ نەوەکانی داهاتووش بخاتە مەترسییەوە.

دەکرێت جۆر و نمونەی پێشێلکارییەکان، بۆ سەر ماستەرپلانی شاری سلێمانیی، لەم خاڵانەدا چڕبکرێتەوە:

یەکەم: جێبەجێکردنی هەڕەمەکیی بەدەر لە قۆناغبەندیی

هەرچەندە ماستەرپلانەکە بە قۆناغبەندیی، سنووری فراوانکردنە ١٠ ساڵییەکان (٢٠٠٩ ،٢٠١٩، ٢٠٢٩، ٢٠٣٩ و دواتریش)ی دەستنیشانکردووە،کەچی جێبەجێکردنەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی بووە. بە شێوەیەک کە زەویی سنووری ٢٠٢٩ لە پێش ٢٠١٩دا دابەشکراوە، یان زەویی سنوریی ٢٠٣٩ لە دوای ٢٠١٩ دابەشکراوە. ئەمەش ڕێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی زەوییەکانی ناو ماستەرپلانەکە بە پچڕپچڕیی و بەناوی وەبەرهێنانەوە بە وەبەرهێن ببەخشرێت. کاریگەریی نەرێنیی ئەم هەڕەمەکیبوونە، توانستی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بونیادییەکان Infrastructure بە شێوەیەکی کەموکووڕ و توشی کورتهێنان بووە. چونکە ماوەکانی نێوان تۆڕەکان دوور دەکەوێتەوە و پێکەوەبەستنیان تێچووی زیاتری دەوێت.

لە کاتێکدا هیچ بەرپرسێک لە باریدا نییە زەویی قۆناغێکی داهاتوو پێشبخات و لە کاتی دەسەڵاتی خۆیدا بەکاریبهێنێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاسستییەیە، کە بە شێوازێکی خودیی بەرپرسەکان، زەویی ماستەرپلانەکە بەکارهاتووە بەدەر لەو پڕۆگرامی جێبەجیکردن Implementation Programەی کۆمپانیا بەڵێندەرەکە دیاریکردووە.هەروەها ئەم هەڕەمەکیبوونە لە جێبەجێکردندا، فەرامۆشکردنی تەواوی پرۆگرامی جێبەجێکردنەکە دەخاتەڕوو.

دووەم: دروستبوونی ناوچەی نیشتەجێی هەڕەمەکیی

ناوچەی نیشتەجێی هەڕەمەکیی بە ترسناکترین ناوچەی ناو سنوری ماستەرپلان دادەنرێت. چونکە شارەوانیی لەباریدا نییە بە پێودانگی پلانسازیی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان، بۆ دانیشتوانەکەی دەستەبەر بکات. بۆ نموونە: گەڕەکی پیرەمەگروون (پشت کانی سپیکە). هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم جۆرە ناوچانە بۆ داهاتوو ببنە مۆڵگەی پاشکەوتوویی و نەخۆشیی و تاوانکاریی و پیسبوونی ژینگە، سەرەنجام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆی شارەکە دروست دەکەن.

سێیەم: فراوانکردنی سنوری ماستەرپلان

دروستکردنی بەرزاییەکانی سلێمانی لە ناوجەرگەیناوچەی پارێزراو Protection Areaدا کە بەردەوام لە فراوانبووندایە. لە کاتێکدا ئەویش و ناوچەی ٢٠٢٠، لە ڕاپۆرتی کۆتایی ماستەرپلانەکەدا نییە، پێش ڕاستاندنەکە زیادکراون. ئەمەش بە یەکێك لە ترسناکترین جۆری پێشێلکاریی دادەنرێت. لە کاتێکدا ماستەرپلانەکە بە ناوچەی پارێزراو Protection Area باسی لە بناری چیای ئەزمەڕ و گۆیژە کردووە و خودی هەردوو چیاکەیگرتۆتەوە.

چوارەم: پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە نیشتەجێکردندا

پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی چینەکانی خوار ناوەڕاست و ناوەڕاستی کۆمەڵگە نییە. بەو واتایەی زۆرینەی ڕەهای پڕۆژەکانینیشتەجێکردن، لە جۆری تایبەت VIP و گرانبەهان. لەبەرئەوە تەنها چینە دەستڕۆیشتووە دەوڵەمەندەکە لە کورد و عەرەب لەم پڕۆژانە سوودمەندبوون. هاوکات ئەم جۆرە پڕۆژانە مەترسیی سپیکردنەوەی پارەی لێدەکرێت. چونکە هۆکارێکی سەلامەتە بۆ دانانی پارەی پیس لە ڕێگەی کڕینی نەک چەند شوقەیەک، بەڵکو تاوەرێک یان چەند تاوەرێک پێکەوە. ئەمەش پێچەوانەی ئامانجە بنەڕەتییەکانی ماستەرپلانە و لە هەمان کاتدا بەزایەدانی زەویی ناو ماستەرپلانەکەیە و هەروەها قەرەباڵغکردنی شارە بەدەر لەوەی پلانی بۆ داڕێژراوە. 
لە ڕووی ئابوورییەوەچینی مامناوەندی نابووت کردووە، نەختینەی ڕژاو-سیولەی نەقدیی لە بازاڕدا لە کەمترین ئاستدایە لەبەرئەوەی ئەوان پارەکەیان کردووە بە بلۆک و کۆنکریت. پاشان لەو ڕێگەیەوە، پارە پیسەکە پاکدەکەنەوە و پاشان سەرمایەکە بەرەو دەرەوەی وڵات دەڕوات و لەوڵات وەبەرهێنانی پێوە دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە، چڕی دانیشتوان لە شارەکەدا بە شێوەیەکی ناچوونیەک دابەشبووە بە شێوەیەک کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خزمەتگوزارییەبونیادییەکان دروست دەکات. لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکیی تاوەرە نیشتەجێبووەکان بڵاوبوونەتەوە بە بەرزیی هەمەجۆر و بەدەر لە لێکۆڵینەوەی زانستیی، ١٥ و ٢٠ و ٣٠ و ٤٠ و ٦٠ نهۆم. هەروەها کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تایبەتمەندیی کەسیی و خێزانیی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو تاوەرانە دروست کردووە. بە هەمان شێوە، شێواندنی هێڵی ئاسمان Sky Lineی شارەکە کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی بەرزییەکان لە شارەکەدا، هەڵبەز و دابەز دەکات. بۆ نموونە: شەقامی سالم. ئەمەش هاوشێوەی هەڵتۆقینی قارچکە لە تەختاییەکدا.

پێنجەم: گۆڕینی بەکارهێنانی زەویی

چەندین پێشێلکاریی کراوەتەسەر ماستەرپلانەکە، نموونەی سەرپێچیکارییەکانی بناری گۆیژە کە چەندین کۆمپانیا تیایدا بەشدارن لەڕێی کارئاسانیکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی سلێمانییەوە کە ساڵانێکە دەستیان بە سەرپێچی کردووە و لە بەرنامەشیاندایە هەر لەسەر حسابی ماستەرپلانەکە لە ڕۆژئاوای هەواری شارەوە لە پڕۆژەکانی مایۆرکا ستییەوە تا بەرزاییەکانی سلێمانی و لە پشتی چاڤیلاندەوە درێژ دەبێتەوە بۆ شاری ئارام و بەرزاییەکانی قەیوان کە بەنیازن بەناوی شەقامی سەد مەترییەوە ڕێگا لێ بدەن و شتێک نەمێنێتەوە بەناوی چیای گۆیژەوە.

سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لە باخی بەختیاری و شەقامی سالم کە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە پڕۆژەی دەیان نهۆمییان تیادا کراوە و ئێستاش تیایدا دەکرێت، ڕاستییەکەی هیچ کام لەم پڕۆژانە ئەو چڕییە زۆرەی دانیشتوان وبڕی خزمەتگوزاری و فشاری هاتوچۆ و قەرەباڵغی لەسەر شەقامی ناوبراو و گەڕەکەکانی دەوروبەریان و بڕی سەوزاییان لەبەرچاو نەگرتووە و پێشێلکارییان لە ماستەرپلانی شارەکەدا کردووە.

شەشەم: ناوچە دێرین و کەلەپووریەکانی ناوجەرگەی شار

زیادبوونی ڕووخانی خانووە دێرین و کەلەپوورییەکانی ناوجەرگەی شار، گۆڕینییان بە گەراجی ئۆتۆمبێل، سڕینەوەی ڕەسەنایەتیی و تێکدانی لایەنی ئاوەدانیی ئەو ناوچانەیە. ئەمەش گەورەترین شکستی شارەوانییە، کە ناتوانێت پلانی پارێزگاریکردن Conservationجێبەجێ بکات. سەرەنجام نیشتەچێکردن لەو ناوچانەدا دەپووکێتەوە و شاری خێو Ghost City بەرهەم دەهێنرێت.

بەم شێوەیە، ڕێژەی تاوان و تاوانکاریی پەرەدەسێنێت لەبەرئەوەی چاودێریی دانیشتوانی شەوانەی ئەو ناوچانە نامێنێت. ئەمە سەرباری دروستبوونی قەرەباڵغیی زۆر بەهۆی زۆر هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێل و وەستاندنییان لەو پارچە زەویانەدا کە خانووەکانیان ڕووخێنراون.

لە کۆتاییدا وەکو دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی داواکارین لە بەڕێزتان وەکو لایەنی پێوەندیدار بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و لانی کەم کار بکەن بۆ:

1. ڕاگرتنی کارکردن بە هەموو شێوەیەک لە شاخی گۆیژە و ئەزمڕ و دامێنی هەردوو چیاکەدا.

2. پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەمەبەستی خستنەڕووی زیادەڕەوییەکانی کە کراونەتە سەر ئەم دوو چیایە بە بەشداری نوێنەری داواکاریی گشتی، ئەندازیار و مامۆستایانی زانکۆی پسپۆڕی بوارەکە، نوێنەرێک لەوانەی لە داڕشتنی ماستەرپلانی سلێمانیدا بەشدار بووە،نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژینگە.

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی

٢٩/٥/٢٠٢٤


PM:02:51:29/05/2024